بە کولتووری "زبارە" و بە داس دروێنەی برنج لە دەڤەری سورچیاتی بەڕێوەدەچێت
لە سنووری دەڤەری سورچیاتی سەر بە قەزای ئاکرێ، وەرزی دروێنەکردنی برنج دەستی پێکردووە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و سەختی و لێژیی زەوییە کشتوکاڵییەکان، ئامێرە مۆدێرنەکان ناتوانن کار بکەن، بۆیە جووتیاران بە شێوازی نەریتی و لەڕێگەی کولتووری هەرەوەزی "زوبارە" بە داس بەرهەمەکانیان دەدوورنەوە.
جووتیارێکی ناوچەکە بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، دەڤەری ئاکرێ بە گشتی و ناوچەی سورچیاتی بەتایبەتی لە رووی بەرهەمهێنانی برنجی کوالێتی بەرز پلەی یەکەمی هەیە.
چەندین جۆری برنج لەم ناوچەیەدا دەچێنرێن لەوانە: برنجی شەشمانگی، سەدری، تەحاڵوف و مسری. وەک جووتیارانی ناوچەکە باسی دەکەن، بەشێکی زۆری کێڵگەکانی برنج لەسەر گرد و لێژاییەکان چێنراون (هەردێ پار)، بەم هۆیەشەوە ئامێری دەراسە توانای کارکردنی لەم جۆرە زەوییانەدا نییە، چونکە ئامێرەکە پێویستی بە زەویی تەخت هەیە.
لەو دۆخەدا، تەنیا ڕێگە بەکارهێنانی "داس"ە بۆ دوورینەوەی برنجەکە. بەڵام لەبەر ئەوەی بەکرێگرتنی کرێکار بۆ دروێنەکردن لەسەر جووتیاران زۆر گران دەکەوێت و زیانی دارایی پێ دەگەیەنێت، پەنا بۆ نەریتی دێرینی ناوچەکە دەبەن کە پێی دەگوترێت "زبارە" (هەرەوەزی).
لە نەریتی زبارەدا، ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکار، هاوڕێ و خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر، وەک ناوچەی بجیل، کۆدەبنەوە و بەبێ بەرامبەر دەچن بە هانای یەکترەوە بۆ دوورینەوەی بەرهەمی برنج.
لە مەیدانی دروێنەکەدا زیاتر لە 25 کەس بەیەکەوە کار دەکەن و هاوکات بە گۆرانی و مەقام و حەیرانی فۆلکلۆری کوردی ماندووبوونی یەکتر دەڕەوێننەوە و دەسکەکانی برنج لەسەر پشت دەگوازنەوە.
بە گوتەی خەڵکی دەڤەرەکە، ئەم نەریتە دێرینە هێشتا وەک خۆی پارێزراوە و جگە لەوەی بارگرانی و خەرجی لەسەر شانی خاوەن کێڵگەکان کەم دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا خۆشەویستی، تەبایی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان خەڵکی ناوچەکە بەهێزتر دەکات.