سێنتکۆم: لە سێ مانگی رابردوو 1.5 ملیار بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون
فەرماندەی سێنتکۆم ئاشکرای کرد، لە هاوینەوە تا کۆتایی هەفتەی رابردوو 1.5 ملیار بەرمیل نەوتی وڵاتانی کەنداو بە هاوکاریی ئەوان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، لە کاتێکدا بەهۆی گەمارۆکانەوە رێگەیان نەداوە هیچ نەوتێکی ئێران بە گەرووەکەدا تێپەڕێت.
هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا گوتی: تێپەڕینی دەیان کەشتی بارهەڵگر بە هەموو جۆرەکانییەوە بە نێو گەرووی هورمزدا بەردەوامە، باسی لەوەش کرد هێزەکانیان بە بەردەوامی چاودێری گەرووەکە دەکەن و لە ئاسمان و لە دەریا هێزەکانیان ئامادەن.
فەرماندەی سێنتکۆم ئاماژەشی دا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گەمارۆیی دەریایی بۆ سەر ئێران، 50 هەزار سەربازیان لە گەرووی هورمز ئامادەن، لە هەمان کاتدا هیچ هێزێکی دەریایی سوپای پاسداران لە گەروو کە نەماون و هەموویانیان تێکشکاندراون کە ماوەی دە ساڵی رابردوو گەرووەکەیان کۆنتڕۆڵکردبوو و هەڕەشەیان لە کەشتییەکانی دیکە دەکرد و بەسەریان دادەدا.
براد کوپەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گوتی: دوای ئەوە هێزە دەریاییەکانی ئێرانمان نوقم کرد، بە سەرکەوتوویانە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانمان لە گەرووی هورمز لە مینە ئێرانییەکان پاککردەوە؛ هاوکات هێزەکانمان بە ئەو پەڕەی وریاییەوە چاودێری گەرووەکە دەکەن بۆ ئەوەی کەشتییەکان بە سەلامەتی تێپەڕن.
فەرماندەی سێنتکۆم ئاشکراشی کرد، لە هاوین تاوەکوو کۆتایی هەفتە رابردوو بە هاوکاری ئەوان 1.5 ملیار بەرمیل نەوتی وڵاتانی کەنداو بە گەرووی هورمز تێپەڕیوە؛ لە هەمان کاتدا بەهۆی گەمارۆییە پۆلاینەکەیان هیچ نەوتێکی ئێران بە گەرووەکە تێنەپەڕیوە.
هەر ئەمڕۆ هەینی، سووپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند "دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار، یەکێکیان لە بەشی رۆژهەڵات و ئەوی دیکەیان لە بەشی رۆژئاوای گەرووی هورمز، کە هەوڵیان دەدا لە رێڕەوێکی بێ مۆڵەت تێپەڕ ببن، رووبەڕووی رووداو بوونەوە و لە ئاوەکانی باشووری گەرووەکە راگیراون."