واشنتن تاقیگە چینییەکان لە بازاڕی ئەمریکا دووردەخاتەوە

 دەستەی رێکخستنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا دەنگی لەسەر قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە تاقیگە چینییەکاندا بۆ پەسەندکردنیان لە ئەمریکا دا. ئەم قەدەغەکردنە جۆرەکانی مۆبایلە زیرەکەکان تا کامێراکان دەگرێتەوە.

هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیژنەی پەیوەندییە فیدراڵییەکان ئامانجی ئەم بڕیارەی بۆ بەهێزکردنی ئاسایش گەڕاندەوە. ئەم هەنگاوە ساڵێک دوای ئەوە دێت کە لیژنەکە رێساکانی قەدەغەکردنی پەسەندکردنی ئەو تاقیگانەی پەسەندکرد کە خاوەندارێتییان بۆ نەیارە بیانییەکان دەگەڕێتەوە یان لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندان. بەگوێرەی مەزەندەی لیژنەکە، 82%ـی ئەو ئامێرانەی لە ئەمریکا پەسەندکراون، لە تاقیگە ددانپێدانراوەکانی چین پشکنینیان بۆ دەکرێت.

لیژنەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، ئەم تاقیگانە دەروازەیەکی سەرەکین بۆ ژێرخانی پەیوەندییەکانی ئەمریکا. رۆڵە تایبەتەکەیان رێگەیان پێدەدات زانیاریی هەستیار و نهێنی دەربارەی بەرهەمە ئەلیکترۆنییەکان بەدەستبهێنن، کە زۆرجار چەند مانگێک پێش خستنەبازاڕی ئەو ئامێرانە روودەدات. بڕیارەکە لە ساڵی 2028ـوە جێبەجێدەکرێت و تاقیگەکانی پشکنین و لایەنەکانی دەرکردنی بڕوانامەی هاوتایی لەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە رێککەوتنی دانپێدانانی هاوبەش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان نییە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی لیژنەکە، چین پەیوەندی بە هیچ رێککەوتنێکی لەم شێوەیەوە لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییە فیدراڵییەکان نییە. لیژنەکە ئاشکرایکرد، لێکۆڵینەوەی لە تاقیگە سەرپێچیکارەکان دەستپێکردووە، پاش ئەوەی لە ساڵی 2024 بۆیان دەرکەوت کۆمپانیای تەکنەلۆژیای چینی هواوی، تاقیگەیەکی سەر بەخۆی بەڕێوەدەبات کە متمانەی پێکراوە. پێشتر لیژنەکە کەرەستەکانی پەیوەندیی بەرهەمهاتووی هواوی و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی چینی بەهۆی نیگەرانییە ئاسایشییەکانەوە خستبووە لیستی رەشەوە.

بڕیارە نوێیەکە کەرتی تەکنەلۆژیای ئەمریکا دەپارێزێت لە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی گواستنەوەی بەرهەمهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ دەرەوەی وڵات، چونکە ئامێرەکان زۆرجار لەو شوێنانە بەرهەم دەهێنرێن کە تێیاندا تاقیدەکرێنەوە.

بەیژینگ رەخنەی لەم سیاسەتە گرت و رایگەیاند، زیان بە بازرگانیی نێوان دوو گەورەترین ئابووریی جیهان دەگەیەنێت. گۆ جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هەینی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمریکا چەمکی ئاسایشی نیشتمانییان بەشێوەیەکی زیادەڕۆیانە بەرفراوانکردووە، دەسەڵاتی دەوڵەتیان بە خراپ بەکارهێناوە و بێ هیچ پاساوێک تەنگ بە کۆمپانیا چینییەکان هەڵدەچنن".

گۆ جیاکون رایگەیاند، رێکارەکانی ئەمریکا بە توندی ئاڵوگۆڕە ئابووری و بازرگانییە ئاساییەکانی نێوان کۆمپانیا چینی و ئەمریکییەکان دەخەنە بەردەم کۆسپ و دژ بە بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەنەکانن. ئەو بەرپرسە ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە بەیژینگ رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی بازرگانی چیندا هاتووە، دەرگای چین هەمیشە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی دیالۆگەوە کراوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای لە واشنتن کرد دەستبەجێ ئەم رێکارانە هەڵبگرێت. وەزارەتەکە هۆشداری دا، ئەگەر ئەمریکا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، چین رێوشوێنی نوێی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە رەواکانی بە توندی.

لیژنەی پەیوەندییە فیدراڵییەکان هەنگاو دەنێت بۆ دوورخستنەوەی لایەنە چینییەکان لە زنجیرەی دابینکردنی ئەمریکی. لە مانگی ئاداردا، لیژنەکە مۆڵەتپێدانی ئامێرەکانی رووتەری ئینتەرنێتی نوێی بەرهەمهاتووی دەرەوەی وڵاتی بۆ بەکاربەران قەدەغەکرد، ئەوەش بەپشتبەستن بە هەمان ئەو تێبینییانەی پەیوەستن بە ئاسایشی نیشتمانییەوە.