عێراق دەنگۆی وەرگرتنی قەرزی دەرەکی رەت دەکاتەوە

 حکوومەتی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، باس لە نیازی بەغدا دەکەن بۆ قەرزکردنی 16 تریلیۆن دینار لە سعوودیە، کووەیت، چین، ئەڵمانیا و فەرەنسا بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە. حکوومەت جەختدەکاتەوە کە سیاسەتەکەی لەسەر بنەمای وەبەرهێنانی داهاتەکان بۆ پشتگیریکردنی خەرجییە گشتییەکان داڕێژراوە.

هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی گوت: "ئەو هەواڵانەی لەبارەی نیازی عێراق بۆ قەرزکردنی 16 تریلیۆن دینار لە چەند وڵاتێک بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بڵاوبوونەتەوە، بێ بنەمان و لە سایەی ئاستی هەناردەی نەوتدا هیچ پێویستییەک بەو جۆرە قەرزکردنە نییە".

عەبوودی روونیکردەوە، حکوومەت سیاسەتێکی ئابووریی پەیڕەو دەکات لە سەر بەکارهێنانی وردی داهاتەکان و خەرجکردنیان بۆ پشتگیریکردنی خەرجییە گشتییەکان و دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی دەوڵەت وەستاوە. عەبوودی رایگەیاند، زیادکردنی ئاستی هەناردەی نەوت رۆڵی هەبووە لە بەهێزکردنی داهاتەکاندا.

گوتەبێژی حکوومەت دووپاتیدەکاتەوە کە حکوومەت لە جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییەکەیدا بەردەوامە. ئەو سیاسەتە پشت بە زیادکردنی سەرچاوە داراییە بەردەستەکان دەبەستێت، بە جۆرێک پشتگیریکردنی خەرجییەکان و دابینکردنی پێداویستییە داراییەکان مسۆگەر بکات.