ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی جەخت لە داماڵینی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور دەکەنەوە

ئەمریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن پابەندیی خۆیان بە داماڵینی تەواوی چەکی ئەتۆمی لە کۆریای باکوور دووپاتکردەوە، ئەمە لە کاتێکدایە پیۆنگیانگ رەتیدەکاتەوە دەست لە جبەخانەی چەکە کۆکوژەکانی هەڵبگرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەم 2026، پێشبینییەکان بۆ کۆبوونەوەیەک لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور لە پەراوێزی لووتکەی ئەپیک، کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە چین بەڕێوەبچێت، روو لە زیادبوونە. ئەمە دوای ئەوە دێت ترەمپ چەند جارێک بانگهێشتی پیۆنگیانگی کردووە بۆ دانوستان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هەردوو هاوتا کۆریای باشوور و ژاپۆنییەکەی، تشو هیون و تۆشیمیتسو مۆتیگی، لە میانی دانوستانەکانی هەینیی رابردوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گرووپی 20 لە ئەتلانتا، پابەندیی نەگۆڕی خۆیان بە داماڵینی تەواوی چەکی ئەتۆمی لە کۆریای باکوور دووپاتکردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هەرسێ وەزیرەکە بەڵێنی جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییان دا. بڕیارەکان قەدەغەکردنی هەر جۆرە پشتگیرییەکی دارایی دەگرێتەوە کە بەشداری لە تەمویلکردنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی کۆریای باکوور بکات.

سەرەڕای ئەو سزایانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەیەکی زۆرە بەسەریدا سەپاندووە، کۆریای باکوور پێگەی خۆی وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی چەسپاندووە. رژێمەکەی پیۆنگیانگ چەندین جار رایگەیاندووە، چەکی ئەتۆمی بابەتێکی هەمیشەیییە و گەڕانەوەی بۆ نییە.

ئەمڕۆ شەممە، پیۆنگیانگ بەیاننامەی ئەو گرووپە وڵاتانەی ئیدانە کرد کە چاودێریی جێبەجێکردنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە دەکەن. پیۆنگیانگ رایگەیاند، هەڵمەتی سزاکانی ئەمریکا و رۆژئاوا ناتوانن هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر پێگەی کۆریای باکوور وەک دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی هەبێت.