قازانجی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا بەهۆی جەنگەوە سێ هێندە بەرزبووەتەوە

کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا لە شەش مانگی یەکەمی جەنگی ئێراندا زیاتر لە 130 ملیار دۆلار قازانجیان تۆمارکردووە. ئەو کۆمپانیایانە سوودیان لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گاز و جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی وەرگرتووە، لە کاتێکدا بەکاربەران لە ئەمریکا تێچووی زیاتریان لە بەرامبەر کاریگەرییەکانی ململانێکە لەسەر دابینکردنی وزەی جیهانی هەڵگرتووە.

شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، ئاستی کاری زیاتر لە 50 کۆمپانیای گەورەی ئەمریکی لە کەرتی نەوت و گازدا، قازانجی گشتیی ئەو کۆمپانیایانە لە نێوان مانگەکانی نیسان تا ئەیلول 130 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. هاوکات لە راپۆرتەکەدا هاتووە قازانجی ئەم ماوەیەی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا، نزیکەی سێ هێندەی ئەو قازانجەیە هەمان کۆمپانیاکان لە هەمان ماوەی ساڵی 2025 بەدەستیان هێنابوو، کاتێک بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە سەرەتاییەکانی شەڕی بازرگانیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، قازانجیان کەمتر لە 47 ملیار دۆلار بوو. ئەو خەمڵاندنە قازانجی مانگی ئادار، یەکەم مانگی جەنگەکە بوو، لەگەڵ مانگی تشرینی یەکەم لەخۆ ناگرێت.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی تاقیگەی چارەسەرە کەشوهەواییەکانی زانکۆی براون، ئەمریکییەکان تا ئەم هەفتەیە، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتەوە، 147 ملیار دۆلاری زیاتریان بۆ کڕینی بەنزین و گاز خەرج کردووە. ئەمەش بەهای نزیکەی 1,100 دۆلار بۆ هەر خێزانێکی ئەمریکییە.

لە بەرامبەردا، کۆمپانیاکانی پاڵاوتن دەستکەوتی گەورە بەدەستدەهێنن. بەگوێرەی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، هەندێک کۆمپانیا زیاتر لە ئەوانی دیکە سوودیان لە جەنگەکە وەرگرتووە، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی پاڵاوتنی ئەمریکی، دوای ئەوەی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بەهۆی کارە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووسیا زیانی گەورەیان بەرکەوت. لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی پاڵاوگە بەردەستەکان بۆ وەڵامدانەوەی خواستی جیهانی، جیاوازیی قازانجی ئەو پاڵاوگانەی هێشتا کار دەکەن بەرزبووەوە و ئەمەش داهاتەکەیانی بەهێزکرد.

شەپۆلی قازانجەکان بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکاش درێژبووەوە، چونکە زۆربەیان داهاتی زیاتریان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان دەستکەوتووە، بەبێ ئەوەی مەترسی یان تێچووی پەیوەندیدار بە کارکردن لە ناوچەکانی ململانێ لە ئەستۆ بگرن. سەرەڕای ئەمەش، قازانجی ئەو کۆمپانیایانە بە گشتی لە خوار ئەو ئاستە مایەوە کە لە ساڵی 2022 تۆمارکرا، کاتێک داگیرکاریی رووسیا بۆ ئۆکرانیا بووە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە نرخی نەوت و گازی سروشتیدا. تێکڕای نرخی نەوتی ئەمریکی لە نێوان مانگەکانی نیسان تا ئەیلولی ئەمساڵ نزیکەی 90 دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێک، بەراورد بە نزیکەی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە هەمان ماوەی ساڵی 2022.

هەینی، هەردوو کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل و شیفرۆن، کە گەورەترین دوو کۆمپانیای ئەمریکیین لە کەرتی نەوتدا، رایانگەیاند، بەرزترین قازانجی وەرزیی سێیەمیان لە چەند ساڵی رابردوودا بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی بەهێزیی چالاکییەکانی پاڵاوتن. نیل هانسن، بەڕێوەبەری دارایی ئێکسۆن، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەکە گوتی: کۆمپانیاکە تێدەگات بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی فشار دەخاتە سەر خێزان و کۆمپانیاکان، بەڵام دۆخی ئێستای بازاڕ بە زیادکردنی وەبەرهێنان بەخێرایی ناگۆڕدرێت.

هانسن زیاتر گوتی: "ئەمە یەکێکە لەو دۆخ و جۆرانەی کار کە ناتوانیت وەبەرهێنانی تێدا بکەیت بۆ رزگاربوون لەم بارودۆخانە بە شەو و رۆژێک. بڕیارە گرنگەکانی ئەمڕۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر دراون."

ئێمیر بۆنەر، بەڕێوەبەری دارایی شیفرۆن، رایگەیاند، پارە زیادەکان دەخرێنە سەر بودجەی کۆمپانیاکە و روونیکردەوە: "ئەمانە سەرمایەیەکین کە بە شێوەیەکی سروشتی لە کاتە سەختەکاندا پشتبەستووی لێ دەکەین و لە کاتی بەرزبوونەوەی نرخەکاندا بەهێزی دەکەین."

بڕیارە دەیان کۆمپانیای دیکەی ئەمریکی کە لە کەرتی نەوتدا کار دەکەن، لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەنجامە داراییەکانی سێیەمی خۆیان ئاشکرابکەن. لێکۆڵینەوەکەی نیویۆرک تایمز پشتئەستوور بووە بە تێکەڵەیەک لە ئەنجامە داراییە راگەیەندراوەکان و مەزەندەی شیکاران کە کۆمپانیای داتای دارایی فاکت سێت کۆیانکردوونەتەوە، لەو حاڵەتانەی ئەنجامەکان هێشتا بەردەست نەبوون.

بەشێک لە ئاستی بەرزیی کۆمپانیاکانی پاڵاوتنی ئەمریکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو نەوتەی چارەسەری دەکەن، لە رێگەی بۆرییەکانەوە پێیان دەگات، ئەمەش دەیانپارێزێت لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی گواستنەوە. ئەو کۆمپانیایانە بازنەیەکی سەرەکین لە نێوان بەرهەمهێنەرانی نەوت و بەکاربەران، چونکە نەوتی خاوی دەرهێنراو لە ژێر زەوییەوە بۆ سووتەمەنیی بەکارهاتوو، وەک بەنزین و گاز دەگۆڕن. هەندێک کۆمپانیا، وەک ئێکسۆن و شیفرۆن، بەرهەمهێنان و پاڵاوتنی نەوت پێکەوە دەکەن، لە کاتێکدا کۆمپانیای دیکە تەنیا سەرنجیان لەسەر یەکێک لەو دوو چالاکییەیە.

قازانجە گەورەکان تەنیا بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان نەبووە، بەڵکو کۆمپانیا گەورەکانی ئەوروپاش دەستکەوتی بەرچاویان راگەیاندووە. کۆمپانیای شێڵ لە وەرزی سێیەمدا قازانجی 12.06 ملیار دۆلاری تۆمار کردووە، کە زیاترە لە دوو هێندەی قازانجەکەی لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا، ئەمەش بەشێکی بەهۆی بەرزبوونەوەی داهاتی پاڵاوتنە. هەروەها قازانجی کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیزـی فەرەنسی لە وەرزی سێیەمدا دوو هێندەی ئاستی پێشووی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە 8.26 ملیار دۆلار.