مارکۆ روبیۆ: میلیشیاکانی سەر بە ئێران تەحەدای سەروەریی عێراق دەکەن
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی بیست لە شاری ئەتلانتا، رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران و چاوەڕوان دەکرێت دوای هەڵبژاردنەکانی 3ـی نۆڤەمبەر ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.روبیۆ هێرشێکی توندی کردە سەر تاران بەهۆی بەئامانجگرتنی کەشتییەکان و هەڕەشەکردن لە ژێرخانی وزەی ناوچەکە، هاوکات هۆشداریی لە مەترسیی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان دا.
شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەی وەزیرانی دەرەوەی (G20) لە ئەتلانتا بەبێ دەرکردنی راگەیەندراوێکی هاوبەش کۆتایی هات، بەهۆی قووڵیی ناکۆکییەکان لەسەر جەنگی ئۆکرانیا، ململانێی ئێران و پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا. تەنانەت وێنەی بەکۆمەڵی وەزیرانیش هەڵوەشایەوە دوای ئەوەی دیپلۆماتکارانی ئەوروپی رەتیان کردەوە لە تەنیشت سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بوەستن.
مارکۆ روبیۆ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بە زمانێکی توند وەسفی رەفتارەکانی تارانی کرد و گوتی: ئێران لە بنەڕەتدا دەڵێت: ئەگەر ئەوەی دەمانەوێت پێمان نەدرێت، نەک تەنیا کەشتییە بازرگانییەکان دەتەقێنینەوە، بەڵکو ژێرخانی وزەی دراوسێکانمان و تەواوی ناوچەکە وێران دەکەین'. بیر لەمە بکەنەوە؛ ئەمە رەفتاری سەدەی رابردووە و بە هیچ شێوەیەک ئاسایی نییە. ئەوان تەنانەت کەشتییە بازرگانییەکان کە دەریاوانی هیندییان تێدایە و وزە بۆ وڵاتانی دیکە دەگوازنەوە، دەکەنە ئامانج.
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیش، روبیۆ گوتی: ئەمە دەسەڵاتێکە کە گەلی خۆی کۆمەڵکوژ کردووە؛ تەنیا دەتوانن بیهێننە پێش چاوی خۆتان چی بەرامبەر ئەوانی دیکە دەکات ئەگەر ببێتە خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژ و ئەتۆمی؛ بەڵام تا ئەو کاتەی ترەمپ لە کۆشکی سپی بێت، هەرگیز رێگە بەوە نادرێت."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆ و راستەوخۆکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە هەرگیز نەوەستاون و ترەمپ چارەسەری دیپلۆماسی و ئاشتییانەی پێ باشترە، بەڵام سوپای ئەمریکا وەک بەهێزترین هێزی سەربازیی سەر زەوی ئامادەی جێبەجێکردنی هەر بژاردەیەکی سەربازییە ئەگەر پێویست بکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ راستەوخۆ ناوی عێراقی هێنا وەک یەکێک لە گۆڕەپانەکانی دەستوەردانی ئێران و ریگەیاند: لە هەر شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوانیت، بریکارێکی ئێران دەبینیت کە ئاسایش و سەقامگیری تێکدەدات؛ لە لوبنان لە رێگەی حزبوڵڵاوە، لە یەمەن لە رێگەی حوسییەکانەوە کە هێرش دەکەنە سەر سعوودیە، و لە عێراقیش دەوڵەت رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە چونکە میلیشیاکانی سەر بە ئێران تەحەدای سەروەریی دەوڵەت دەکەن.
پێشتریش وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت سەرکۆنەی هێرشی ئێران و گرووپە چەکدارەکانیان کردبوو بۆ سەر ژێرخانی وزە لە عێراق و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان. روبیۆ لە مانگی حوزەیراندا لە ئەبوزەبی جەختی کردبووەوە کە گرژییەکان کۆتاییان نایەت تا ئەو کاتەی میلیشیاکان لە خاکی عێراقەوە مووشەک و درۆن ئاراستە بکەن.
لە بەرامبەردا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مانگی ئەیلوولدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە روبیۆی راگەیاندبوو، بەغدا سوورە لەسەر خستنەژێر کۆنترۆڵی سەرجەم چەکەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت؛ وەک بەشێکیش لەم هەنگاوە، رۆژی دووشەممەی رابردوو پڕۆسەی تێکەڵکردنی چەکدارانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لە نێو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقدا دەستی پێ کرد.
دەربارەی ئەگەری بەشداریکردنی ئەمریکا لە هێرشەکانی سعوودیە دژی حوسییەکان، روبیۆ گوتی: بڕیاری هێرشکردن لە دەستی سەرۆک ترەمپدایە، بەڵام جەختی کردەوە، "رێککەوتنی هاوبەشی بەرگریمان لەگەڵ سعوودیە هەیە و بە تەواوی پابەندین بە پاراستنی شانشینەکە؛ لە ماوەی مانگی رابردووشدا چەندین پەیوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان ترەمپ و شازادە محەممەد بن سەلمان ئەنجامدراون."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە راپۆرتەکانی ئەسۆشیەیتد پرێس و واشنتن پۆست بە پشتبەستن بە شیکاریی کۆمپانیای (AURORAH) ئاشکرایان کردووە، وێنەی مانگە دەستکردەکانی رووسیا یارمەتیدەر بوون بۆ حووسییەکان و میلیشیا عێراقییەکان لە ئەنجامدانی هێرشەکانیان بۆ سەر سعوودیە.
سەبارەت بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە هەریەک لە جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف بە شێوەیەکی بەردەوام سەرقاڵی دۆسیەی ئۆکرانیا و ئێرانن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. روبیۆ ئامارێکی مەترسیداری خستە ڕوو و گوتی: کیێڤ هەموو شەوێک ڕووبەڕووی بۆردوومانی وێرانکەر دەبێتەوە بۆ سەر تۆڕەکانی وزە و هاووڵاتییانی سڤیل، لە بەرامبەردا لە لایەنی رووسیشەوە مانگانە 20 هەزار سەربازی رووسی دەکوژرێن. سەرەڕای هەموو شتێک، گرنگە پەیوەندی لە نێوان واشنتن و مۆسکۆدا بمێنێتەوە، چونکە ڕووسیا خاوەنی جبەخانەیەکی گەورەی چەکی ئەتۆمییە و نابێت رێگە بە لێکتێنەگەیشتن و تەشەنەسەندنی مەترسیدار بدرێت."
ڕوبیۆ هەروەها ئاشکرای کرد کە واشنتن تاوتوێی پێشنیازەکانی تورکیا و هیندستان دەکات بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی سنووردار لە دەریای ڕەشدا بە مەبەستی بەردەوامیدان بە هەناردەی دانەوێڵە و وزە لە لایەن رووسیا و ئۆکرانیاوە، هەرچەندە مۆسکۆ پێشتر ئاگربەستی بەشەکیی ڕەتکردبووەوە و کیێڤیش داوای کردبوو ڕاگرتنی هێرشی سەر کەرتی وزە و دەریای ڕەش لە یەک پاکێجدا بن. هاوکات روبیۆ ستایشی شاندی پۆڵەندای کرد لە کۆبوونەوەکەدا بۆ پێشکەوتنە ئابووری و ئەمنییەکانیان.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لەسەر چەند دۆسیەیەکی دیکەی جیهانی، مارکۆ روبیۆ ئەم هەڵوێستانەی راگەیاند، لە بارەی کۆریای باکوور، دۆناڵد ترەمپ کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ هیچ کەسێک بە سازشکردن نازانێت؛ ئەگەر کیم جۆنگ ئون ئامادەی گفتوگۆی بەرهەمدار بێت، ترەمپ ئامادەیە چاوی پێی بکەوێت هەروەک چۆن لە خولی یەکەمدا دوو جار کۆبوونەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە.
لەسەر ئەو رێککەوتنەی مانگی ئەیلوول لە نێوان ئەمریکا، دانیمارک و گرینلاند واژۆ کرا، روبیۆ گوتی: "گرنگترین خاڵی رێککەوتنەکە ئەوەیە کە گرینلاند چ سەربەخۆ بێت یان لەگەڵ دانیمارک بمێنێتەوە، هەرگیز نابێتە شوێنێک کە نەیارێکی ستراتیژیی ئێمە بتوانێت لە رێگەی بازرگانییەوە دەستی بە پێگە هەستیارەکانی بگات."
پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هیندستان، ژاپۆن و ئوسترالیا کە بڕیارە مانگی داهاتوو لووتکەی سەرکردەکانیان لە مانیلا بەڕێوە بچێت، روبیۆ رایگەیاند کە کواد هاوپەیمانییەکی دژ بە چین یان هیچ وڵاتێک نییە، بەڵام دژی ئەو رەفتارە دووبارەبووانەیە کە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکەن.
باسی لەوەش کرد، واشنتن لە نیگەرانییەکانی پاکستان تێدەگات سەبارەت بەو هێرشە تیرۆریستییانەی لە خاکی ئەفغانستانەوە دەکرێنە سەری و پێی وایە بزووتنەوەی تاڵیبان هەنگاوی پێویستی بۆ جڵەوکردنیان نەناوە.
روبیۆ دووپاتی کردەوە کە ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە 3ی نۆڤەمبەر هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا دروست ناکات، چونکە بەپێی دەستوور سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی لە دەسەڵاتی راستەوخۆی سەرۆک و دەسەڵاتی جێبەجێکردندایە.