سانجار: ئۆجەلان گواستراوەتە شوێنە نوێیەکەی بەڵام پڕۆسەی ئاشتی سست بووە
عەبدوڵڵا ئۆجەلان گواسترایەوە خانووە نوێیەکەی لە ئیمراڵی. هاوکات ئەندامێکی شاندی دەم پارتی ئاشکرای دەکات، بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی پێویستە هەنگاوەکان خێراتر بکرێن و حکوومەتی تورکیاش لە هەڵوێستە توندەکانی دوور بکەوێتەوە.
میدحەت سانجار، ئەندامی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ دوورگەی ئیمراڵی، لە دیدارێکدا رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گواستراوەتەوە بۆ ئەو شوێنە نوێیەی کە لە دوورگەکە بۆی دروست کراوە. هەروەها پێداگریی کرد، ئەم هەنگاوە پێویستی بە پەلەکردن لە پڕۆسەی ئاشتی هەیە نەک سستبوونی.
سانجار روونیکردەوە، ماوەی دوو مانگە جۆرێک لە راوەستان و سستی لە پڕۆسەی ئاشتیدا دروست بووە و ئەو هەنگاوانەی چاوەڕوان دەکرا لە کاتە دیاریکراوەکاندا بنرێن، جێبەجێ نەکراون.
ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی باسی لەوە کرد، دوای ئەو هەنگاوانەی پەکەکە ناویەتی، دەبوو سەردانییەکان بۆ ئیمراڵی بکرێن. هەروەها ئاشکرای کرد، ئەو شاندەی بڕیارە راستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان کار بکات، ناوی (لیژنەی ئاشتی و بەسیاسیکردن)ـە.
سانجار گوتی، بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی بەرەوپێش بچێت، زۆر گرنگە ئۆجەلان خۆی هەماهەنگیی هەنگاوەکان بکات و ئەمەش هۆکارێکی یەکلاییکەرەوەیە. سەبارەت بە لەمپەرەکانی بەردەم چارەسەری، ئاماژەی بەوە دا، نابێت پڕۆسەکە تەنیا لەسەر بنەمای داواکاری و چاوەڕوانیی تاکلایەنە بەڕێوەبچێت، بەڵکوو پێویستە حکوومەتیش بە هەڵوێستە توندەکانی خۆیدا بچێتەوە.
لە کۆتاییدا سانجار ئەوەی خستەڕوو، ئەو هەنگاوەی گرێکوێرەکە دەکاتەوە لای ئۆجەلانە، بۆیە دەبێت بەرەی حکوومەتیش لە هەڵوێستی توند دوور بکەوێتەوە. روونیشی کردەوە، چوونە ناو شوێنە نوێیەکە لە لایەن ئۆجەلانەوە، وا دەخوازێت هەنگاوەکانی چارەسەری خێرایی بەخۆیانەوە ببینن.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە، دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشنیازی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت، قۆناخێکی نوێی رەوتی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێکرد.
لە ساڵی 2025 و 2026ـەدا، شاندەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) چەندین سەردانیان بۆ دوورگەی ئیمراڵی کردووە، تاوەکو لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گفتوگۆ بکەن.
لەم ماوەیەدا پەکەکە چەندین هەنگاوی هێمایی بۆ چەکدانان ناوە، لەوانە سووتاندنی چەک لە لایەن بەشێک لە گەریلاکانەوە. گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنێکی نوێ لە ئیمراڵی، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ پێدانی رۆڵێکی کاراتر بەو سەرکردەیە لە پڕۆسەی چارەسەریدا سەیر دەکرێت، بەتایبەتی دوای پەسەندکردنی (یاسای چوارچێوە) لە پەرلەمانی تورکیا لە هاوینی 2026 کە رێکارەکانی چەکدانان و بەرەوپێشچوونی دیالۆگی رێکخستووە.
پێشتریش شاندی ئیمراڵی هۆشدارییان دابوو، راگرتنی سەردانەکان بۆ لای ئۆجەلان متمانەی نێوان لایەنەکان لاواز دەکات و پڕۆسەکە دەخاتە مەترسییەوە.