بۆ یەکەمجار نرخی یەک لیتر گازوایل لە تورکیا 100 لیرەی تێپەڕاند

شەپۆلێکی نوێی گرانی سووتەمەنی تورکیای گرتووەتەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا نرخی یەک لیتر گازوایل ئاستی پێوانەیی 100 لیرەی تێپەڕاند، هەروەها نرخی بەنزینیش گەیشتە سەرووی 80 لیرە.

 وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا لە بڕیارێکدا رێژەی باجی تایبەتیی بەکاربردنی زیاد کرد و بەم هۆیەوە 4.15 لیرە خرایە سەر نرخی یەک لیتر بەنزین، هاوکات 3.60 لیرەش بۆ هەر لیترێک گازوایل زیاد کرا.

لە شاری ئیستانبوڵ نرخی یەک لیتر بەنزین بەرزبووەوە بۆ 80.55 لیرە و دەکاتە نزیکەی 2.33 دۆلاری ئەمریکی. لە ئەنقەرەی پایتەخت نرخەکە گەیشتە 81.55 لیرە و لە ئیزمیر نرخەکە بووە 81.75 لیرە.

گازوایل بە شادەماری کەرتی گواستنەوە دادەنرێت و نرخەکانی ئاستێکی پێوانەییان تۆمار کرد. لە ئیستانبوڵ نرخی یەک لیتر لە 96.90 لیرەوە بۆ 100.5 لیرە بەرزبووەوە، لە ئەنقەرە گەیشتە 101.6 لیرە و لە ئیزمیر نرخی 101.8 لیرە تۆمار کرا.

ئابووریی تورکیا لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام بەدەست قەیرانی هەڵئاوسان و دابەزینی بەهای لیرەوە دەناڵێنێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی هەڵئاوسان لە ساڵی 2026ـدا لە سەرووی 30%ـەوە ماوەتەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنیی گەورەی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان دروستکردووە. 

تورکیا بۆ دابینکردنی وزە بە رێژەیەکی زۆر پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت، بەم هۆیەوە گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانیی نەوت و ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە، راستەوخۆ رەنگدانەوەیان لەسەر نرخی سووتەمەنی لە ناوخۆی تورکیادا هەیە. 

حکوومەتی تورکیا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، چەندین جار پەنای بۆ زیادکردنی باجی تایبەتیی بەکاربردن بردووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی ئەو بازدانە گەورەیەیە لە نرخی بەنزین و گازوایلدا رووی داوە.