پێنجەم هەفتەیە هیچ بڕە نەوتێکی عێراق هەناردەی ئەمریکا نەکراوە
ئیدارەی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ پێنجەمین هەفتەی لەسەریەکە هیچ بڕە نەوتێکی خاویان لە عێراق هاوردە نەکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیدارەی وزەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاو لە 10 وڵاتی سەرەکییەوە لە هەفتەی رابردوودا گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 127 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەم بڕە بەراورد بە هەفتەی پێشتر، کە 5 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بوو، 827 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادی کردووە.
بوگوێرەی داتاکانی وزەی ئەمریکا، کەنەدا بە تێکڕای 3 ملیۆن و 928 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە پێشەنگی گەورەترین دابینکەرانی نەوتی خاو بۆ ئەمریکا دێت. لە دوای کەنەدا، ڤێنێزوێلا بە 618 هەزار بەرمیل، کۆلۆمبیا بە 376 هەزار بەرمیل و مەکسیک بە 305 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا ریزبەندییەکەیان گرتووە.
گوایانا بە تێکڕای 281 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە پلەی پێنجەمدا هاتووە، پاشان سعوودیە بە 227 هەزار بەرمیل، بەرازیل بە 167 هەزار بەرمیل، ئەرجەنتین بە 141 هەزار بەرمیل و نێجیریا بە 84 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دێن. لە هەفتەی رابردوودا هاوردەکردنی هیچ بڕە نەوتێکی خاوی عێراقی لەلایەن ئەمریکاوە تۆمار نەکراوە.
پێشبینی دەکرێت ئاستی بەکارهێنانی رۆژانەی نەوت لە ئەمریکا نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل بێت. ئەم دۆخە وایکردووە ئەمریکا وەک گەورەترین بەکاربەری نەوت لە جیهاندا بمێنێتەوە.