لە کەلار تەرمی دوو کەس دۆزرانەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، لە دووکانێکدا لە ناوچەی پیشەسازیی کەلار، تەرمی دوو کەس دۆزراونەتەوە کە بە فیشەک کوژراون و تاوەکو ئێستاش هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە نەزانراوە کە ئایا خۆکوژی بووە یان کوژراون.
عەقید سۆران حەمەغەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، “لە دووکانێکدا لە ناوچەی پیشەسازیی کەلار دوو تەرم دۆزراوەتەوە بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت خۆیان کوشتووە یان کوژراون”، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هەردوو کەسەکە فیشەکئ دەمانچەیان بەسەر جەستەوە بووە.
لای خۆیەوە، رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، بە کوردستان 24ـی گوت: “گومان دەکرێت کوژراوەکان وەستا و شاگرد بن؛ یەکێکیان ناوی محەمەدە و ئەوی دیکەشیان ناوی سامانە، تەرمەکانیان رەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراون».
لێکۆڵینەوە و رێکارەکانی پۆلیس بۆ ئاشکراکردنی هۆکار و وردەکارییەکانی رووداوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەردەوامە.
یەکێک لە هاوسێکانی ئەو دووکاندارەی لە ناوچەی پیشەسازیی کەلار کوژراوە، وردەکاریی رووداوەکەی بۆ کوردستان24 گێڕایەوە و رایگەیاند، رووداوەکە لە دەوروبەری کاتی مەغریبدا روویدابێت. بە گوێرەی زانیارییەکانی هاوسێکە، دوێنێ ئێوارە کەسێک سەردانی ئەو دووکاندارەی کردووە و سەرەڕای ئەوەی هێشتا کاتی ئاسایی داخستنی دووکانەکە کە کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەیە نەهاتبوو، خاوەن دووکانەکە شاگردەکانی ناردبووەوە ماڵەوە و پاشان لەگەڵ ئەو کەسەدا چونەتە نهۆمی سەرەوەی دووکانەکە بۆ ئەوەی قسە بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، قوربانییەکە کەسێکی بێکێشە بووە، بەڵام لە نهۆمی دووەمی دووکانەکەدا تەرمی هەردوو کەسەکە دۆزراوەتەوە کە فیشەک بە جەستەیانەوە بووە؛ هەرچەندە تا ئێستا دیار نییە ئایا هەردووکیان کوژراون یان یەکێکیان بکوژ بووە و دواتر خۆی کوشتووە، بەڵام لە هەردوو کوژراوەکە تەنیا خاوەن دووکانەکە دەناسرێت و کەسەکەی دیکە نەناسراوە. هاوکات، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە شوێنی رووداوەکە چەکێکی جۆری دەمانچە هەڵگیراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری رووداوەکە بە تەواوی نادیارە.