سەدان زەوی تاپۆ کران

پڕۆسەی گۆڕینی کارتی زەوی بۆ تاپۆ لە هەولێر بەردەوامە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئامادەبوونی وێنەی تۆماری 516 پارچە زەویی دیکەی راگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە بێ تاپۆکان، لە قۆناخێکی نوێدا کارەکانی 516 کارتی زەوییان کۆتایی پێهێناوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەو پارچە زەوییانە دەکەونە کەرتی 20ـی قەتەوی ناسراو بە تیماری 5000 لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر.

باس لەوەش کراوە، ئێستا وێنەی تۆماری سەرجەم ئەو زەوییانە بە تەواوی ئامادەیە و خاوەنەکانیان دەتوانن سەردان بکەن بۆ وەرگرتنەوەیان.

لە ساڵانی رابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا سەرجەم ئەو زەوییانەی پێشتر تەنیا بەشێوەی کارت دابەش کرابوون، بکرێنە تاپۆ. بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار یەکەیەکی تایبەتی پێکهێناوە بۆ خێراکردنی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان. 

پڕۆسەکە چەندین ناوچە و گەڕەکی جیاوازی لە هەولێر و شارەکانی دیکە گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا وێنەی تۆماری هەزاران پارچە زەوی ئامادە کراوە و رادەستی هاووڵاتییان کراوەتەوە. بەتاپۆکردنی ئەم زەوییانە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی خاوەنەکانیان بتوانن بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵەی پێوە بکەن و ببنە خاوەنی مافی تەواوەتیی خۆیان.