عێراقچی: دانوستانەکانی دەوحە هێشتا بێ ئەنجامن
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دانوستانەکان لە دۆحە بەردەوامن و پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی.
یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، "ئەنجامی راوێژکارییە بەردەوامەکان پەیوەستە بە وەڵامی لایەنی بەرامبەر بۆ ئەو پرسیارانەی ئابووریی وڵاتەکە هەیەتی". ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، بەدەستهێنانی ئەنجام بەو وەڵامە بەندە کە لە لایەنی بەرامبەرەوە پێیان دەگات. وەزیری دەرەوەی ئێران هیوای خواست لایەنی بەرامبەر بە شێوەیەکی لۆژیکی مامەڵە بکات، کە مەبەستی لێی لایەنی ئەمریکی بوو.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆیتەرزی راگەیاند، تیمی دانوستانکاری ئێران بۆ سێیەمین رۆژی لەسەریەک لە دۆحەن. ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە، شاندی ئێران لەگەڵ نێوەندگیری قەتەر گفتوگۆ دەکات بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا. هەروەها روونیکردەوە، نێوەندگیری قەتەر هەینی رابردوو لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبوونەتەوە و پاشان گفتوگۆکانیان بۆ دۆحە گواستووەتەوە، هاوکات هەماهەنگییەکانیش لە چوارچێوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن بەڕێوەدەچن.
ئەم دانوستانانە لە کاتێکدایە نیگەرانی هەیە لەوەی گرژییەکان دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول ئەمریکا، کە بڕیارە 3ـی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت، زیاتر پەرەبسەنن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، گفتوگۆکان لەگەڵ تاران بەرهەمدارن و بەباشی بەڕێوەدەچن، لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زیاتری رەتنەکردەوە.
لە بەرامبەردا تاران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی نوێی کردووە و رایگەیاندووە، ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بە فراوانی و بەبێ هیچ سنوورێکی جوگرافی دەکاتە ئامانج. عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران دوێنێ شەممە بەیاننامەیەکی دەرکرد و فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کرد بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەبن، دوای ئەوە سوپای ئێران رایگەیاند، هەنگاوی پێویستی بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی خۆی گرتووەتەبەر.