پاش دزینی 6.3 ملیار دۆلار، بەکارهێنەرانی باینانس ملیاران دۆلار دەکشێننەوە
کۆمپانیای "باینانس" کە گەورەترین پلاتفۆرمی ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکانە لە جیهاندا، پاش رووبەڕووبوونەوەی گەورەترین هێرشی ئەلیکترۆنی لە مێژوودا کە تێیدا 6.3 ملیار دۆلاری لێ دزرا، دەرگای کشانەوەی پارەی بۆ بەکارهێنەرانی کردەوە. دەستبەجێ بەکارهێنەران زیاتر لە 3.6 ملیار دۆلاریان کشاندەوە؛ هاوکات پلاتفۆرمەکە دڵنیایی دەدات کە توانیویەتی 95%ی زیانەکان لەسەر ئەرکی خۆی قەرەبوو بکاتەوە.
یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمی باینانس لەگەڵ دەستپێکردنەوەی مامەڵە داراییەکان لە رۆژی یەکشەممەدا، دەستیان کرد بە کشانەوەی بڕێکی زۆر لە پارەکانیان لە ترسی لێکەوتەکانی ئەو هاککردنە گەورەیەی کە لێکۆڵەرانی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) پەنجەی تۆمەتی بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆریای باکوور رادەکێشن.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی باینانس، تەنیا لە ماوەی 9 کاتژمێری سەرەتای دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکاندا، نزیکەی 4.64 ملیار دۆلار لە پلاتفۆرمەکە کشێنراوەتەوە و لە بەرامبەردا 1.01 ملیار دۆلار لە لایەن کڕیارانەوە دابەزێنراوە (بە پوختی 3.64 ملیار دۆلار کشانەوە تۆمار کراوە). باینانس جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بڕە تەنیا 2.1%ـی کۆی سامان و سەرمایەی بەڕێوەبراوی کۆمپانیاکەیە کە زیاتر لە 171 ملیار دۆلارە، و ئێستا پرۆسەی کشانەوە ئاسایی بووەتەوە و متمانەی بازاڕ جێگیرە.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) رایگەیاندووە کە تیمێکی هاککەری سەر بە دەوڵەتی کۆریای باکوور بە ناوی TraderTraitor لە پشت ئەم دزییە گەورەیەن. بەپێی شیکاریی کۆمپانیاکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، هێرشەکە شەوی پێنجشەممە لە ماوەی تەنیا 20 خولەکدا ئەنجامدراوە لە رێگەی زیانپێگەیاندنی لاپتۆپێکی کارمەندان و بەکارهێنانی ڤایرۆسێکی پێشکەوتوو کە شوێنپێی خۆی دەسڕێتەوە.
لە کاتێکدا پیۆنگ یانگ بەردەوام تۆمەتەکانی دزینی دارایی رەت دەکاتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: "هێشتا بە تەواوی دڵنیا نین کۆریای باکوور لە پشت هێرشەکەوە بێت، بەڵام ئەگەر وا بێت، لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەین."
کۆمپانیای باینانس رایگەیاندووە کە لەسەر ئەرکی داهاتی ناوخۆیی خۆی و لە رێگەی بەکارهێنانی سندووقی تایبەتی پاراستنی سەرمایەی بەکارهێنەران (SAFU) و یەدەگی نەختینەی کۆمپانیاکە، توانیویەتی 6 ملیار دۆلار 95%ی زیانەکان قەرەبوو بکاتەوە و دراوی بەدیل بۆ بەکارهێنەرانی دابین بکات، و کار بۆ دابینکردنی 5%ەکەی دیکەش دەکەن.
پرۆسەی رێگەپێدان بە کشانەوەی پارە لە قۆناخی یەکەمدا 15 دراوی سەرەکیی گرتووەتەوە لەوانە بیتکۆین، ئیسریۆم، دۆجکۆین و دراوە جێگیرەکانی وەک USDT و USDC.
چانگپێنگ ژاو، دامەزرێنەری باینانس لە پەیامێکدا سوپاسی بێپایانی دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکای کرد بۆ دەستبەجێ بەدەمەوەهاتنیان و رایگەیاند، هاوکاریی دەزگا فیدراڵییەکانی ئەمریکا یارمەتیدەر بوو لە سڕکردن و دۆزینەوەی نزیکەی سێ ملیار دۆلاری دزراو لە سەرەتای هێرشەکەدا، ئەمەش رێگریی لەوە کرد کە نرخی بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا تووشی داڕمانی گەورەتر ببن.