عێراق 3 ملیار دۆلار لە ئەمریکا وەردەگرێت و دڵنیایی لە دابینکردنی مووچە دەدات

 جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، نرخی بازاڕی هاوتای دۆلار بەرەو دابەزین دەچێت و لە ماوەیەکی نزیکدا لە نرخی فەرمی نزیک دەبێتەوە. جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، گەیشتنی بڕی 3 ملیار دۆلاری نەختینە بۆ عێراق لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا کرد و جەختی لەوەش کردەوە، مووچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2027 بە تەواوی دابین کراوە.

دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە نیوز، ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بڵاویکردەوە،، گوتی: "کۆمەڵی یەکەمی دۆلاری نەختینە پێنجشەممەی رابردوو گەیشتووە، هاوکات بارەکەی دیکە سبەی دەگات، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو بارانەدایە کە کۆی گشتییەکەی 3 ملیار دۆلارە و لە ماوەی دوو مانگدا دەگەنە عێراق". تەمیم ئەوەشی خستەڕوو، متمانەی ئەمریکا بە حکوومەتی عێراق هۆکار بوو بۆ ئەوەی بڕی ناردنی دۆلاری نەختینە زیاد بکەن.

محەمەد تەمیم روونیکردەوە، نرخی بازاڕی هاوتای دۆلار لە ماوەی داهاتوودا دادەبەزێت و لە نرخی فەرمی نزیک دەبێتەوە، جیاوازییەکەیان لە دوو ژمارە زیاتر نابێت. تەمیم جەختی لەوەش کردەوە، زیادکردنی بارەکانی دۆلار کاریگەریی ئەرێنی لەسەر سەقامگیریی سیستمی نەختینە دەبێت و بانکی ناوەندییش بڕی تەرخانکراوی دۆلاری نەختینە بۆ گەشتیاران زیاد دەکات.

سەبارەت بە وردەکارییە داراییەکان، محەمەد تەمیم رایگەیاند، ئەمریکا لە سەرەتای ساڵی 2022ـوە بەهۆی نیگەرانی لە قاچاخچێتی، ناردنی دۆلاری نەختینەی راگرتبوو. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، دوای ساڵی 2021 کۆی گشتیی دۆلاری نەختینەی نێردراو بۆ عێراق لە ساڵێکدا لە 3 ملیار دۆلار تێنەپەڕیوە، لە کاتێکدا پێش ساڵی 2021 بڕی 12 ملیار دۆلار ساڵانە دەگەیشت. تەمیم گوتی: "حکوومەتی ئەمریکا رازی بووە 3 ملیار دۆلار بۆ ئەوەی لە ساڵی ئێستادا ماوەتەوە بنێرێت، هاوکات حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات ساڵانە 12 ملیار دۆلار بە نەختینە وەربگرێت".

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا جیاوازە و ئێستا بە شێوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ دامەزراوەکانی عێراق مامەڵە دەکەن، هەروەها رێکارەکانی بانکی ناوەندی بە ئاراستەی دروستدا دەڕۆن، چونکە بەشێکی زۆری سیستمی دارایی جیهانی بە ئەمریکاوە بەستراوەتەوە. سەبارەت بە نرخی ئاڵوگۆڕیش، روونیکردەوە نرخی پێشووی ئاڵوگۆڕ جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ دینار دروست کردبوو و پرسی هەموارکردنەوەی لە کۆتاییەکانی تەمەنی حکوومەتی رابردوودا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و شارەزایانی ئابووری تاوتوێ کراوە.

لە کەرتی پیشەسازیدا، تەمیم رایگەیاند، راگرتنی هاوردەکردنی شەربەت و بەستەنی بووەتە هۆی گەشەسەندنی ئەو پیشەسازییانە لە ناوخۆدا و 600 هەزار هەلی کاری دابین کردووە، هەرچەندە هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ نیگەرانی خۆیان لەو بڕیارە دەربڕیوە. تەمیم دڵنیایی دا، خۆراک و دەرمان بە تەواوی دابین کراوە و سەرۆکوەزیران فەرمانی بە وەزارەتی بازرگانی کردووە سەبەتەی خۆراکی مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم و مانگی رەمەزانی پیرۆز ئامادە بکەن و حکوومەت رێگە نادات باری ئابووریی هاووڵاتییان بکرێتە قوربانی یاری بە نرخەکان.

محەمەد تەمیم هەروەها رایگەیاند، رووداوەکانی گەرووی هورمز بووەتە تەنگژەیەکی گەورەی پێشبینی نەکراو. سەبارەت بە بودجە، گوتی تەرخانکراوی کارەبا دەگاتە 37 تریلیۆن دینار و بودجەی پەروەردەی باڵاش 4 تریلیۆن دینار بۆ تەواوکردنی باڵەخانەکانی زانکۆ تەرخان دەکرێت. تەمیم جەختی کردەوە، نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەدا بە شێوەیەکی زۆر وریایانە دادەنرێت و هیچ نیازێک بۆ لابردنی پاڵپشتیی نرخەکانی سوتەمەنی نییە، هاوکات گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی بودجە بەردەوامە.

سەبارەت بە دانیشتووان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، بەپێی سەرژمێری، رێژەی هەرێمی کوردستان 12.7%ـوە بووە، هەروەها جەختی لە پێویستیی شەفافییەت لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کردەوە و دووپاتیکردەوە، تەنانەت ئەگەر گەرووی هورمزیش دابخرێت، مووچە دوا ناکەوێت و مووچەی ساڵی 2027 بە تەواوی دابین کراوە. سەبارەت بە سندوقی نەوەکانیش، تەمیم روونیکردەوە، سندوقی گەشەپێدانی دەرەکیی عێراق خراوەتە ناو سندوقی نەوەکانەوە و بە یاسایەکی سەربەخۆ کار دەکات.