ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی چیای کوڵنگ دەکات
تاران لەژێر فشاری بژاردە یەکلاکەرەوەکانی ترەمپدا
سەرۆکی ئەمریکا جەختدەکاتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ترەمپ پێی وایە تاران لە پێگەیەکی باشی دانوستاندندا نییە و روونیکردەوە واشنتن تواناکانی ئەتۆمیی ئێرانی تێکشکاندووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ فۆکس نیوز رایگەیاند، ئێران لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆری سەربازی ئەمریکی کوشتووە. ترەمپ ئێران بە یەکەم دەوڵەتی سپۆنسەری تیرۆر لە جیهاندا وەسف کرد و جارێکی دیکە تۆمەتباری کرد بە هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
سەرۆکی ئەمریکا لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەگەری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، باسی لە ئەگەری وێرانکردنی پێگەی چیای کوڵنگ لە ئێران کرد، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی سروشتی پێگەکە یان کاتی ئامانجگرتنی بخاتەڕوو.
ترەمپ رەخنەی لەو رێککەوتنە ئەتۆمییە گرت کە ئیدارەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لەگەڵ ئێران واژۆی کردبوو. ترەمپ پێی وایە رێککەوتنەکە رێگەی بۆ تاران خۆش دەکرد تا دەست بە چەکی ئەتۆمی بگات، ئەمەش دووپاتکردنەوەی رەتکردنەوەی رێککەوتنە پێشووەکەیە و پابەندبوونێتی بە رێگریکردن لە ئێران بۆ پەرەپێدانی توانای ئەتۆمیی سەربازی.
وۆڵ ستریت جورناڵ لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر دوورگەی قەشم لە ئێران. هێرشەکە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک لێدانی سەربازیی سنوورداردا بووە کە واشنتن لە هەفتەکانی رابردوودا ئەنجامی داون.
بەرپرسان روونیکردەوە، ئامانجی ئەو هێرشانە سنووردارکردنی توانای ئێران بووە بۆ هەڕەشەکردن لە هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووی هرمز. ئەوان ئاماژەیان بەوەش کرد، هێرشەکان بە شێوەیەکی سنووردار کراون و نیشانەی ئەوە نین ئەمریکا بیەوێت جەنگ لەگەڵ تاران دەستپێبکات.
ئەکسیۆس ئاشکرایکرد، ئیدارەی ترەمپ بەردەوامە لە تاوتوێکردنی بژاردە جیاوازەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران. بژاردەکان بریتین لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، گەیشتن بە رێککەوتنێکی دانوستاندنکراو، یان مانەوە لەسەر سیاسەتی فشاری ئابووری بەبێ شەڕ یان رێککەوتن.
پێگەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستییەوە، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی، سکۆت بیسنت، وەزیری خەزێنە و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە پشتگیری لە بەردەوامیی گوشارە ئابوورییەکان دەکەن وەک ئامرازێک بۆ ناچارکردنی تاران تا سازش بکات. لە کاتێکدا راتکلیف پێی وایە بەردەوامیی گوشارەکان لەوانەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ئاڵۆزیی ناوخۆیی لە ئێران.
لە بەرامبەردا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت هەوڵ دەدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. هاوکات بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و پیت هیگسیت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پشتگیری لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکەن، بەو پێیەی تاران شایەنی متمانە نییە لە پابەندبوون بە هیچ رێککەوتنێک.