زێلێنسکی: هاککردنی رادارەکانی رووسیا وەڵامی هێرشێکی مۆسکۆیە
سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، هاککردنی سیستمی هۆشداریی هێرشی ئاسمانیی رووسیا وەڵامێکی راستەوخۆ بووە بۆ هێرشێکی ئەلیکترۆنیی مۆسکۆ، کە پێشتر ئەپڵیکەیشنی هۆشداریی ئۆکرانیای کردبووە ئامانج.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی پی بی ئێسی ئەمریکی ئاشکرایکرد، "ئێمە تەنیا وەڵامی هێرشەکانی ئەوان دەدەینەوە؛ ئەوان هێرشی ئەلیکترۆنییان کردە سەر سیستمەکەمان و ئۆکرانیاش بە شێوەیەکی سروشتی بەرگری لە خۆی کرد".
سەرۆکی ئۆکرانیا جەختیکردەوە، رووسیا بەردەوام هێرشی سایبەری دەکاتە سەر ئەو سێکتەرانەی زیان بە هاووڵاتییانی مەدەنی دەگەیەنن، لەوانە سیستمە بانکییەکان و تۆڕی مووچەی خانەنشینان.
رۆژی یەکشەممە، ئەپڵیکەیشنی "هۆشداریی هێرشی ئاسمانی" لە ئۆکرانیا هاککرا و پەیامی هۆشداریی ساختە، لەوانە هەواڵی درۆینەی هێرشی ئەتۆمی بۆ مۆبایلی هاووڵاتییان نێردرا، کە کیێڤ مۆسکۆی بە ئەنجامدانی تۆمەتبار کرد.
دوای چەند کاتژمێرێک لەو رووداوە، ئەپڵیکەیشنی ئاژانسی بەرگریی شارستانیی رووسیاش رووبەڕووی هاککردن بووەوە و پەیامی ساختەی هاوشێوەی بۆ بەکارهێنەرانی نارد.
هەردوو لایەنی جەنگ لە رێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنانەوە هاووڵاتییانی خۆیان لە ئەگەری بۆردومانی ئاسمانی و هەڕەشەکانی دیکەی جەنگ ئاگادار دەکەنەوە.