فراکسیۆنی پارتی: ناحەقی بەرامبەر بە کەرکووک دەکرێت

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کۆبوونەوەیان لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەی مووچە، ناردنی نەوتی سپی و دۆخی کەرکووک ئەرێنی بووە، هاوکات زەیدی بەڵێنیداوە کێشەکان چارەسەر بکات.

سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو دۆخەی لە کەرکووک دروست بووە، بە لاڕێدا براوە و زانیاریی نادروست لەو بارەیەوە بە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دراوە، هاوکات ئەوەی لە بەرامبەر خەڵکی کەرکووک دەکرێت ناحەقییە.

هاوکات رایگەیاند، کەرکووک 800 مێگوات بەرهەمهێنانی کارەبای هەیە، 500 مێگوات لە رێگەی گازەوە بەرهەم دەهێندرێت و 250 مێگوات لە دووبس و 150 مێگاواتیش لە مەلا عەبدوڵڵا، بەڵام شارەکە تەنیا لە 600 مێگاوات کارەبا سوودمەند دەبێت، چونکە زیاتر لە 150 مێگاوات کارەبا لە بەشی شارەکە دراوە بە کۆمپانیای نەوتی باکوور، بۆیە داوکارین ئەو بڕە کارەبایە بۆ کەرکووک قەرەبوو بکرێتەوە، تاوەکوو خەڵکی شارەکە لەو ئازار و مەینەتییەی هەیانە رزگاریان بێت و ئەو دۆخەش کە ئێستا هەیە کۆتایی پێبێت.

هاوکات گوتیشی، تاوەکو ئێستا 65 کەس لە خۆپیشاندانەکانی کەرکووک دەستگیرکراون، لەو ژمارەیەش 55 کەسیان هاووڵاتی بە رەگەز عەرەبن بە عەرەبی هاوردەن و خەڵکی دیالەن، هەروەها ئەوانی دیکە لە تورکمان و پێهاتەکانی دیکەن. 

شاخەوان عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای ئەوەی گوێبیستی داواکارییەکان بووە، راستەوخۆ رێنمایی دەرکردووە کە ئەو دوو داواکارییەی فراکسیۆنی پارتی و خەڵکی شارەکە جێبەجێ بکرێت.

سەبارەت بە کۆبوونەوە و دیدارەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان و وەزارەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەعدا، بە تایبەت پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردسان، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دانیشتن و کۆبوونەوەمان لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامداوە، جەتیشی کردوە، بە زەیدی راگەیەندراوە، هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە حکوومەتەکەی دەکات و بە هەموو شێوەیەک لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هاوکار و هەماهەنگ دەبێت، گوتیشی، سەرەڕای ئەوەی داواکاریی و کێشەکانمان گەیاندووە، لە هەمان کاتدا نووسراوی هاوپێچمان هەبووە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان بە رێگەی یاسایی و دەستووری، بەڵام لە بەرامبەردا خەڵکی هەرێمی کوردستان داواکارییان ئەوەیە ماف و شایستە داراییەکانیان دابینبکرێت.

سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، عەلی زەیدی بەڵێنی داوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابینبکرێت و لەوبارەیەوە دڵنیایی داوە کە هیچ مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێم نافەوتێت.

لە بارەی پێدانی نەوتی سپی بە هاووڵاتییانی هەرێم، رایگەیاند، بەرهەمهێنای نەوتی هەرێمی کوردستان و شەفاف و روونە، بۆیە داوامان کردووە بە میکانیزمێکی گونجاو ئەو بڕە نەوتەی شایستەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە رەوانەی بکرێت، چونکە لە وەرزی زستاندا بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، هاووڵاتییان پێویستی زۆریان بە نەوتی سپی هەیە، لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی داوە ئەو کێشەیەش بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندارەکان تاوتوێ بکات و بە زووترین کات چارسەر بکرێت.