عێراق سەبارەت بە مەترسیی تیشکی ئەتۆمی هۆشداری دەدات

ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئێران، نیگەرانییەکی فراوانی لەبارەی پەلکێشانی لێکەوتەکانی هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و لە سەرووی هەموویانەوە عێراق دروستکردووە. شەقامی عێراقی ئێستا رووبەڕووی پرسیاری جدی بووەتەوە سەبارەت بە سەلامەتیی سەرچاوەکانی ئاو، رووبارەکان و خاک، هاوکات لەگەڵ تاقیکردنەوەی ئاستی ئامادەیی دامودەزگاکانی دەوڵەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسیی پیسبوونی تیشکیدا.

ئەم ترسە دوای ئەوە پەرەی سەند کە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران زنجیرەیەک رێنمایی بەپەلەی بۆ هاووڵاتیان بڵاوکردەوە لەبارەی چۆنیەتی خۆپاراستن لە کاتی روودانی تەقینەوەی ئەتۆمی. رێنماییەکان بریتین لە پەنابردنە بەر ناو باڵەخانەکان، دوورکەوتنەوە لە پەنجەرەکان، بەکارهێنانی ئاوی دەبە و خۆراکی لەقوتوونراو، لەگەڵ مانەوە لە شوێنە ئارامەکان بۆ ماوەی لانی کەم 24 کاتژمێر تا دەرچوونی رێنمایی نوێ.

ئامادەکارییەکانی تاران دوای هۆشدارییەکانی تاکەر کارلسۆن، راگەیاندنکاری ئەمریکی هات. کارلسۆن باسی لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی ئەتۆمی لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی چەند رۆژێکدا کردبوو لەژێر فشاری بنیامین ناتانیاهۆدا. ترەمپ پێشتریش هەڕەشەی بەئامانجگرتنی دامەزراوەی چیای کوڵنگ نزیک کۆمەڵگەی ئەتۆمیی نەتەنزی کردبوو، هەرچەندە پێشتر لە لێدوانێکیدا بۆ رۆیتەرز بەکارهێنانی بژاردەی ئەتۆمیی بەدوور زانیبوو.

دامەزراوەی چیای کوڵنگ دەکەوێتە دووریی نزیکەی 225 کیلۆمەتر لە باشووری تاران و لە قووڵایی 80 بۆ 100 مەتر لەژێر زەویدا هەڵکەندراوە. بەئامانجگرتنی ئەم دامەزراوەیە بە چەکی ئاسایی بووەتە تەحەدایەکی گەورەی سەربازی، لە کاتێکدا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش نەیتوانیوە پشکنینی تێدا بکات و تاران جەخت لە ئاشتیانەبوونی پرۆگرامەکەی دەکاتەوە.

ئەحمەد شەریفی، شارەزای ئەمنی و ستراتیژی، سەبارەت بە لێکەوتە ژینگەییەکان دەڵێت: "ئەگەر بۆمبە قورسە ئاساییەکانی دژە حەشارگەی وەک GBU-57 سەرکەوتوو نەبن، لەوانەیە پەنا بۆ چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی ببرێت." شەریفی روونیکردەوە، سنوورداریی تەقینەوەی ئەتۆمیی تاکتیکی بە مانای سنوورداریی زیانەکان نایەت. پێکانی ماددەی پیتێنراو و سەنتەرفیوجەکان لەناو دامەزراوەکەدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەورێکی تۆزاوی پڕ لە تیشکی مەترسیدار بۆ چینەکانی بەرگەهەوا و با و تەوژمە هەواییە خێراکانیش دەتوانن ئەو پیسبوونە بگوازنەوە.

ئەو شارەزایە جەختی کردەوە، دووریی نزیکەی هەزار کیلۆمەتریی شوێنەکە لە عێراق بەس نییە بۆ پاراستنی وڵات ئەگەر کەشوهەوا لەبار بێت. تیشکدانەوە دەگاتە خاک و ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، بۆیە پێویستە لەسەر هاووڵاتیان لە کاتی هەر راگەیاندراوێکی فەرمیدا بۆ ماوەی 3 بۆ 5 رۆژ پەنجەرە و دەرگاکان دابخەن و ئاو و خۆراکی پارێزراو بەکاربهێنن تا ئاستی مەترسییەکان لەلایەن تیمەکانەوە دیاری دەکرێت.

لە بەرامبەر ئەم هۆشدارییانەدا، ئەحمەد خوزەیر کازم، گوتەبێژی دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشکیی عێراق هەڵسەنگاندنێکی ئارامکەرەوەی خستەڕوو. ئەحمەد خوزەیر کازم رایگەیاند، شوێنی جوگرافی و کەشوهەوا مەترسییەکان کەم دەکەنەوە. هەروا روونیکردەوە، نەتەنز و چیای کوڵنگ نزیکەی 700 کیلۆمەتر لە سنووری رۆژهەڵاتی عێراقەوە دوورن و وێستگەی بوشێهریش زیاتر لە 400 کیلۆمەتر لە بەسرەوە دوورە.

کازم ئاماژەی بەوەش کرد، کاریگەریی تۆزی ئەتۆم لە دوای 50 بۆ 100 کیلۆمەتر بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز دەبێت. زنجیرە چیاکانی سنوور وەک بەربەستێک کار دەکەن و بای باوی وەرزی پایزیش زیاتر لە باکووری رۆژئاواوە بەرەو ناوخۆی ئێران هەڵدەکات، ئەمەش تۆزی ئەتۆمی لە خاکی عێراق دوور دەخاتەوە. هەروەها دڵنیایی دا کە قووڵایی بنکەکە و بوونی بەردی گرانێت کاریگەریی تەقینەوە لە شوێنی خۆیدا دەهێڵێتەوە، جگە لەوەی تۆڕێکی چاودێری و زەنگی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە درێژایی سنوور کار دەکات کە راستەوخۆ بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە بەستراوەتەوە.

ساڵح قەزوینی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی لە تاران دەڵێت: "ئەم هەڕەشانەی ئەمریکا دەکرێت وەک شەڕێکی دەروونی و کەرەستەیەکی گوشار لێکبدرێنەوە بۆ پاشەکشەپێکردنی تاران لە هەڵوێستەکانی دانوستان، بەڵام هاوکات ناکرێت ئەگەری بڕیارێکی سەربازیی لەو شێوەیەش بە تەواوی بەدوور بزانرێت."

قەزوینی پێی وایە هەر هێرشێکی ئەتۆمی زیانەکەی تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە نەک تەنیا ئێران. ئەم هەڕەشانە دەنگی ئەو لایەنانەی لە ناوخۆی ئێراندا بەهێزتر کردووە کە داوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەن وەک تاکە هۆکار بۆ دروستکردنی هاوسەنگی و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان، بەتایبەت کە بەردەوامیی گرژییەکان لەوانەیە دۆخەکە بەرەو بژاردەی توندتر و مەترسیدارتر پەلبکێشێت.