نرخی نەوت دابەزی
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، لە مامەڵە سەرەتاییەکانی بازاڕدا نرخی نەوت دابەزی، وەبەرهێنەران چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی لەسەر دانوستانەکانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، سەرەڕای ئەوەی پاشەکەوتی نەوتی خاوی ئەمریکا لەوەی پێشبینی دەکرا زیاتر کەمی کردووە.
بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی، نرخی نەوتی خاوی برێنت 26 سەنت، واتە 0.25%ـی دابەزی و گەیشتە 103.34 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. نرخی نەوتی خاوی تێکساسی رۆژئاوای ئەمریکاش 53 سەنت، بە رێژەی 0.55% دابەزی و بە 95.56 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە کرا.
بازاڕەکان چاودێری پێشهاتەکانی ئەو دانوستانانە دەکەن کە ئامانج لێیان کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانە، هەوڵەکانی نێوەندگیریی قەتەر بەردەوامە، بەرپرسێکی ئێرانیش رایگەیاند، تاران و واشنتن هێشتا لە گەیشتن بە رێککەوتن دوورن.
داتاکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکی دەریدەخەن، پاشەکەوتی نەوتی خاو لە هەفتەی کۆتایی لە 30ی تشرینی یەکەمدا، نزیکەی 5.27 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە.
پاشەکەوتی بەنزین 1.43 ملیۆن بەرمیل زیادی کردووە. لە بەرامبەردا پاشەکەوتی بەرهەمە پاڵاوتراوەکان، لەوانەش گازوایل، نزیکەی 1.19 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە.