سارا موحسین: لە سلێمانی هێزێکی دەمامکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەم

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو لە سلێمانی هێزێکی چەکداری دەمامکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەی و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، سارا موحسین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، پێش ئەوەی مۆبایلەکەی براکەی زەوت بکرێت، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێی راگەیاندووە ژیانی لە مەترسیدایە و هەڕەشەی ئەوەی لێ کراوە نابێت بەشداری لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا بکات.

ئەو پەرلەمانتارە لە پەیامێکی تونددا کە ئاراستەی لایەنی بەرپرسی لە سلێمانی کردووە، جەختیکردەوە فشار و هەڕەشەکردن لە خانەوادەکەی ئامانج لێی دەستێوەردانە لە ئاراستەی بڕیارە سیاسییەکان.

سارا موحسین هۆشداریی دا و گوتی: "دڵنیابن ئەگەر یەک تاڵە مووی سەری براکەم ئازاری پێ بگات، لە کاتێکدا هێشتا لە ناڵەی لەدەستدانی برایەکمدا دەژیم، هەرچی خوا پێی ناخۆش بێت پێتان دەکەم و دادگای عێراق و جیهانتان لێ دەگرم و بێدەنگ نابم".

ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی لەو لایەنە گرت و بە حیزبێکی بەناو مۆدێرنی دیموکراسی ناوزەدی کرد، هەروەها جەختیکردەوە ئەو شێوازە رەفتارە کە هێزێکی دەمامکدار بەو درەنگانەی شەو دەچێتە سەر ماڵی هاووڵاتییان، دوورە لە هەموو پێوەرێکی ویژدانی.

سەبارەت بە بەشداریکردنی لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان، موحسین روونیکردەوە تا ئەم ساتە بڕیاری بەشداریکردنی نەداوە. موحسین گوتیشی: "ئەگەر بڕیاری بەشداریکردنیش بدەم، مانای ملکەچبوون نییە بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی و هەرگیز نابمە خۆراکی هیچ حیزب و پڕۆژەیەکی سیاسی، چونکە من بۆ نوێنەرایەتیی گەل هاتووم و لە بەرامبەر گەلدا بەرپرسم نەک هیچ لایەنێک".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سارا موحسین داوای لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کونسوڵخانە بیانییەکان کرد دەستبەجێ بەدواداچوون بۆ دۆخی سلێمانی بکەن. سارا رایگەیاند، ئەو رەفتارانە دژی ئازادیی رادەربڕینن و دیموکراسییان خستووەتە مەترسییەوە.