دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا

 لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا و دوای دوو ساڵ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، بە ئامادەبوونی 52 ئەندام پەرلەمان، دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرا و تێیدا ڤالا فەرید وەک سەرۆک، رامی نووری وەک جێگر و مونا قەهوەچی وەک سکرتێری پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێرران.

چوارشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2026،  دوای دوو ساڵ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 52 ئەندام پەرلەمان بەڕێوەچوو و تێیدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا.

لە پرۆسەکەدا، ڤالا فەرید وەکو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە کۆی دەنگی 52 ئەندامی پەرلەمانی ئامادەبوو هەڵبژێردرا. ناوبراو لەدایکبووی شاری هەولێرە ساڵی 1976 و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای گشتییدا، لەسەر ئاستی زانکۆی سەلاحەدین یەکەم بووە و پێشتر مامۆستای زانکۆ، ئەندام و سەرۆکی لێژنەی کاروباری یاسایی بووە لە خولی چوارەمی پەرلەماندا، هەروەها خاوەنی چەندین توێژینەوەی زانستی و بەشداریی کارا بووە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.

هاوکات، رامی نووری وەکو جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە کۆی دەنگی 52 پەرلەمانتاری ئامادەبوو هەڵبژێردرا. ناوبراو (رامی نوري عودیش دانیال) ناسراو بە سیاوش، لەدایکبووی ساڵی 1985ی بەغدا و دانیشتووی عەنکاوەیە، پێشتر پۆستەکانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوەی بەڕێوەبردووە، پارێزەری راوێژکار، نووسەر و چالاکوانی مەدەنی بووە و زمانەکانی سریانی، کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەزانیت.

هەروەها، مونا قەهوەچی وەکو سکرتێری پەرلەمان بە کۆی دەنگی 52 ئەندامی پەرلەمانی ئامادەبوو هەڵبژێردرا. ناوبراو (منى نبی نادر عبداللە) لەدایکبووی هەولێرە لە ساڵی 1978، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە یاسا، خاوەنی مێژوویەکی دیارە لە کاری سیاسی و رێکخراوەیی تورکمانەکاندا و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بووە، پێشتر مامۆستا و پارێزەر بووە و لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا ئەندام و سەرۆکی فراکسیۆن و سکرتێری پەرلەمان بووە.