عەلی زەیدی سەردانی بەحرەین دەکات
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانێکی فەرمیی بۆ بەحرێن دەستپێدەکات. ئەو سەردانە تاوتوێکردنی هاوکاریی سیاسی و ئابووریی نێوان هەردوو وڵات، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و رێگەکانی هێورکردنەوەی گرژییەکان لەخۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی سیاسەتی هاوسەنگی و کرانەوە کە حکوومەتی عێراق لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا پەیڕەوی دەکات، سەردانی بەحرێن دەکات. زەیدی جەختیکردەوە، سەردانەکە لەسەر بنەمای خواستی بەهێزکردنی پەیوەندییە عەرەبییەکان و هاوکاری لەگەڵ برا و هاوبەشەکانە، بە جۆرێک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی عێراق و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا بگونجێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق روونیکردەوە، عەلی فالح زەیدی لە مەننامە لەگەڵ حەمەد عیسا خەلیفە، شای بەحرێن کۆدەبێتەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا تاوتوێی هاوکاریی سیاسی و ئابووریی نێوان وڵاتەکەیان دەکەن و راوێژ لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، رێگەکانی هێورکردنەوەی گرژییەکان و پشتگیریکردنی چارەسەرە سیاسییەکان دەکەن.
عەبوودی روونیشیکردەوە، ئەم سەردانە تەواوکەری زنجیرە سەردانەکانی عەلی فالح زەیدییە بۆ واشنتن، ئەنقەرە، تاران، پاریس، بەرلین، دەوحە، ریاز، عەمان و دیمەشق. ئەو سەردانانە لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی روون بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە کە رێڕەوی هەمەجۆر بۆ هاوکاری و دیالۆگ لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەکاتەوە.