نهێنی ئەو پیاوانەی لە دوای 60 ساڵییەوە دەبنە باوک بزانە
توێژەرانی بواری پزیشکی لە چین، دەستنیشانی پڕۆتینێکیان کردووە بە ناوی (WLS)، کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبێتە هۆی خێراکردنی پرۆسەی پیری لە گونەکاندا و کاریگەریی نەرێنی لەسەر کوالێتی سپێرم و توانای وەچەخستنەوەی پیاوان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا دروست دەکات.
توێژینەوەیەکی پزیشکیی نوێ پەردەی لەسەر پڕۆتینێک لاداوە کە پرۆسەی پیری لە گونەکاندا خێراتر دەکات و کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر کەمبوونەوەی توانای وەچەخستنەوەی پیاوان دادەنێت.
لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، کۆمەڵێک نیشانەی پیری لەسەر گونەکان دەردەکەون، لەوانە: تێکچوونی ئاستی دەردانی هۆڕمۆنەکان، زیانگەیشتن بە ترشی ناووکی (DNA) و پاشەکشەی چالاکیی سپێرمەکان.
سەرەڕای گرنگیی باڵای گون لە پرۆسەی زاوزێی مرۆڤدا، تا ئێستا هۆکارە بایۆلۆجییە وردەکانی کۆنترۆڵکردنی کاتژمێری بایۆلۆجیی ئەم ئەندامە بە تەواوی روون نەبوون؛ بەڵام زانایانی چین لەم دواییەدا گەردیلەیەکیان دۆزیوەتەوە کە ڕۆڵێکی سەرەکی لەم پرۆسەیەدا دەگێڕێت.
شیکاریی زیاتر لە 10 هەزار ناوکەخانە
تیمی توێژەران لە ئەکادیمیای زانستەکانی چین بە هاوکاریی زانکۆی پزیشکیی دەریایی، نموونەی شانەی گونی چوار کەسیان وەرگرت، کە دووانیان گەنج بوون (تەمەن 23 و 30 ساڵ) و دووانەکەی دیکەش بەساڵاچوو بوون (تەمەن 62 و 91 ساڵ). هەموو بەشداربووان پێشتر منداڵیان بووە و بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە نەشتەرگەریی دەرهێنانی گونیان بۆ کرابوو.
دوای شیکردنەوەی وردی زیاتر لە 10 هەزار ناوکەخانە، زانایان جیاوازیی گەورەی پێکهاتەییان لەنێوان شانەکانی گەنجان و بەساڵاچوواندا بە دی کرد. لە توێژینەوەکەدا، کە لە گۆڤاری بایۆلۆجیی گەردیلەیی خانە (Journal of Molecular Cell Biology) بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "گون لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەندا رووبەڕووی گۆڕانکاریی قووڵی پێکهاتەیی دەبێتەوە". توێژەران لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکاندا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە زیادبوونی دەربڕینی تەنیا یەک جین لەناو خانەکانی گوندا، دەرکەوتنی نیشانەکانی پیری بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر دەکات.
جیاوازیی کاتژمێری بایۆلۆجی لە نێوان ژنان و پیاوان
بە پێچەوانەی هێلکەدان لە مێینەدا کە خاوەنی کۆگایەکی سنووردارە لە هێلکە، گونی پیاوان خانەی بنەڕەتیی (Stem Cells) تێدایە کە توانای خۆنوێکردنەوەی بەردەوامیان هەیە و پەیوەستن بە بەرهەمهێنانی سپێرمەوە. ئەم تایبەتمەندییە وادەکات جەستەی پیاو تەنانەت لە تەمەنی سەروو 60 ساڵیشەوە توانای وەچەخستنەوەی هەبێت؛ بەڵام ئەمە بە مانای نەگۆڕمانی توانای پیتاندن نایەت، چونکە خودی خانەکانی گونیش تووشی پیری دەبن.
بۆ نموونە، کوالێتی و کارایی سپێرم بە شێوەیەکی گشتی لە دوای تەمەنی 45 ساڵییەوە بەرەو دابەزین دەچێت، هەرچەندە ئەم پاشەکشەیە هێواشترە بەراورد بە دابەزینی ژمارە و کوالێتیی هێلکە لە ژناندا.
توێژینەوە پێشووەکان دوو جۆری سەرەکیی خانەکانیان دیاری کردووە کە لەگەڵ تەمەندا چالاکییان کەم دەبێتەوە:
-خانەکانی سێرتۆلی (Sertoli cells):بەرپرسن لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی دروستبوونی سپێرم و دابینکردنی ژینگەی گونجاو بۆ گەشەکردنیان.
-خانەکانی لایدیگ (Leydig cells): بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن، کە رۆڵی سەرەکی لە فەرمانەکانی زاوزێی نێرینەدا دەگێڕێت.
ئەم دوو جۆرە خانەیە لە رێگەی ئاماژەی بایۆلۆجیی دوولایەنەوە لە پەیوەندیی بەردەوامدان، بەڵام توێژینەوە نوێیەکە دەریخستووە کە ئەم تۆڕی پەیوەندییە لەگەڵ بەساڵاچووندا تووشی تێکچوون دەبێت و بەمەش گەشەی سپێرم زیانی پێدەگات.
پڕۆتینی(WLS)؛ کلیلی تێگەیشتن لە پیریی گونەکان
دیارترین دەستکەوتی توێژەران بریتی بوو لە دۆزینەوەی ئەوەی کە خانەکانی سێرتۆلی لە گونی پیاوانی بەساڵاچوودا، بڕێکی زۆر زیاتر لە پڕۆتینێک بە ناوی "WLS" بەرهەم دەهێنن. کاتێک زانایان لە تاقیگەدا ئاستی ئەم پرۆتینەیان لەناو خانەکاندا بەرزکردەوە، تێبینیی خێرا دەرکەوتنی نیشانەکانی پیرییان کرد. ئەم ئەنجامەش سەلمێنەری ئەوەیە کە پڕۆتینەکە تەنیا نیشاندەرێکی پیری نییە، بەڵکو هۆکارێکی راستەوخۆیە لە پەلەکردن لە پرۆسەی پیربووندا.
پڕۆتینی (WLS) وەک گوازەرەوەیەک لەناو رێڕەوی ئاماژەپێدانی خانەیی ناسراو بە "Wnt" کار دەکات؛ رێڕەوێک کە رۆڵی سەرەکی لە خۆنوێکردنەوەی خانە بنەڕەتییەکان، گۆڕانیان بۆ خانەی پسپۆڕ، مێتابۆلیزم و مانەوەی خانەکان دەگێڕێت.
ئەم دۆزینەوەیە دەستپێکێکی گرنگە بۆ توێژینەوەکانی داهاتوو، تا لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی ئەم پڕۆتین و رێڕەوە بایۆلۆجییانەوە، چارەسەری نوێ بۆ کێشەکانی پاشەکشەی توانای زاوزێ و پیریی گونەکان لە پیاواندا بدۆزرێتەوە.