لە ئیلام بێ ئاوی هەڕەشە لە بەرهەمی برنجی عەنبەر دەکات
لە دەشتەکانی سیروان لە پارێزگای ئیلامی رۆژئاوای ئێران، برنجی "عەنبەر بۆ" تەنیا بەرهەمێکی کشتوکاڵی خاوەن تام و بۆنێکی تایبەت نییە، بەڵکو بەرجەستەکەری بیرەوەرییەکی کشتوکاڵیی مێژوویی و بەشێکە لە ناسنامەی کولتووری و ئابووریی ناوچەکە. ئەم میراتە دێرینە ئەمڕۆ بەهۆی قەیرانی کەمئاوی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە رووبەڕووی تەگەرەیەکی گەورە بووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی مێهر، بەرهەمهێنانی برنجی عەنبەر بۆ بۆ چەندین نەوە بەشێک بووە لە ژیانی گوندنشینان و خوانی ماڵەکانی پارێزگاکە و بازاڕەکانی دەرەوەشی گرتووەتەوە. گرنگیی ئەم بەرهەمە دەستپێشخەریی تۆمارکردنی لە لیستی کەلەپووری نیشتمانیی ناماددیی ئێران و هاوکات بەکارهێنانی بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاریی کشتوکاڵی لێکەوتووەتەوە.
لەگەڵ کەمبوونەوەی بارانبارین و سنوورداربوونی سەرچاوەکانی ئاو لە رۆژئاوای ئێران، چاندنی ئەو بەروبوومانەی پێویستیان بە ئاوێکی زۆرە، جووتیارانی رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر کردووەتەوە و رووبەری چاندنی ئەم برنجە لە هەندێک ناوچەدا پاشەکشەی کردووە.
عەلی نەجەفی فەر، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە و راهێنانی کشتوکاڵی لە پارێزگای ئیلام رایگەیاند: "نابێت کەمئاوی ببێتە هۆی دەستبەرداربوون لە چاندنی برنجی عەنبەر بۆ، بەڵکو پێویستە پلانی زانستی بۆ دابنرێت."
نەجەفی فەر ئاماژەی بە چەند چارەسەرێک کرد، وەک بەکارهێنانی ئەو جۆرانەی زوو پێدەگەن و بەرگەی کەمئاوی دەگرن، پەرەپێدانی شێوازەکانی ئاودێریی مۆدێرن، تەختکردنی زەوییەکان بە تەکنەلۆژیای لەیزەر بۆ رێگری لە بەفیڕۆچوونی ئاو، شانبەشانی پێدانی رێنمایی و راهێنان بە جووتیاران.
سەرەڕای گرفتە ژینگەییەکان، ئەم بەرهەمە هێشتا دەماری ئابووریی بەشێکی زۆری خێزانە گوندنشینەکانە. عەلیڕەزا تولابی، سەرۆکی رێکخراوی جیهادی کشتوکاڵی لە پارێزگای ئیلام ئاشکرایکرد، سیروان ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانەکەیە و رایگەیاند، رووبەری چێنراو بە برنج لە سیروان گەیشتووەتە زیاتر لە 1250 هێکتار.
تولابی پێشبینی ئەوەشی کرد لەمساڵدا نزیکەی 4000 تۆن برنجی سپی بەرهەم بهێنرێت. ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، چاندنی ئەم برنجە رۆڵێکی گرنگی لە رەخساندنی هەلی کار و دابینکردنی داهات بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ هەیە.
هاوکات عەلی حوسێنی، بەڕێوەبەری جیهادی کشتوکاڵی لە سیروان جەختی لەوە کردەوە، پاراستنی ئەم بەرهەمە تەنیا دابینکردنی ئاو نییە، بەڵکو پاراستنی ئەزموون و زانیاریی کۆکراوەی نەوە لەدوای نەوەی جووتیارانە.
حوسێنی روونیکردەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە رێگەی بەسەرکردنەوەی مەیدانی، دابەشکردنی تۆوی پەسەندکراو، پەین و دابینکردنی قەرزی ئاسانکاریی دارایی بە سوودی کەم، پشتیوانیی جووتیاران دەکات بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان لەسەر بنەمای زانستی و هاوچەرخ بەردەوام بێت.
پاراستنی برنجی عەنبەر بۆ لە سیروان، پاراستنی دانەوێڵەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو پاراستنی پەیوەندییەکی مێژوویی نێوان مرۆڤ و زەوییەکەیەتی؛ پرسێک کە ئەمڕۆ لە نێوان پێویستیی مانەوەی کولتووری و واقیعی قەیرانی کەمئاویدا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدایە.