نێردە دیپلۆماسییەکان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەدان
نێردە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەدان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05ـی تشرینی دووەمی 2026، کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان لە کۆبوونەوەدان.
ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24 لە ناوەوەی باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستانەوە رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە، پیرۆزباییکردنە لە دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هاوکات بە مەبەستی دەربڕینی پاڵپشتیشە بۆ پرۆسەی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان.
لەبارەی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەشەوە، ئازەر فارووق باسی لەوە کرد کە نوێنەرانی وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی ناوچەکە بەشداربوون، لەوانە: ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، چین، رووسیا، تورکیا، ئێران، دانیمارک، هۆڵەندا، یۆنان، هیندستان، کۆریا و ژاپۆن، هەروەها نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)ـیش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون.
ئەم سەردانەی نێردە دیپلۆماسییەکان لە کاتێکدایە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمان بە بەشداریی زۆرینەی پەرلەمانتاران و بەشێک لە فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ درێژەی بە دانیشتنی یەکەمی خۆیدا و لە پرۆسەیەکی یاساییدا سەرۆک، جێگر و سکرتێری پەرلەمانی هەڵبژارد، بەوەش کۆتایی بە پەککەوتنی دوو ساڵەی دامەزراوەی یاسادانان هێنرا و پەرلەمان بە فەرمی کارا کرایەوە.