نەوزاد شێخ کامیل: بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی کاڵاکان دەیان شوێن سزادران
بەهۆی بەرزکردنەوەی نایاسایی نرخی کاڵا و کەلوپەل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک کۆمپانیا و بازرگان لەلایەن لێژنە تایبەتمەندەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە سزادراون.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لێژنەکانیان بە بەردەوامی چاودێری بازاڕەکان دەکەن و هەر کەسێک بە ئارەزووی خۆی نرخەکان بەرز بکاتەوە، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل ئاشکرایکرد، تا ئێستا بەهۆی سەرپێچی لە بەرزکردنەوەی نرخ، نزیکەی 100 شوێن سزادراون. سەبارەت بە پلەکانی سزادانیش، ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، سەرەتا ئاگادارکردنەوە دەبێت و دواتر سزای دارایی دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، قۆناخەکانی سزادان بەردەوام دەبن تا دەگەنە داخستنی کۆمپانیا و وەرگرتنەوەی مۆڵەتی بازرگانی، بەڵام ئێستا هەوڵ دەدەن ئەو هەنگاوە توندانە نەگرنەبەر و بە رێکاری دیکە سەرپێچییەکان کۆنترۆڵ بکەن.
بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سزای پێبژاردنی دارایی بۆ سەرپێچیکاران لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و تا 5 ملیۆن دینار بەرز دەبێتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل داوای لە هاووڵاتییان کرد هەر گۆڕانکارییەکی نائاسایی لە نرخی کاڵا و خۆراکدا بینییان، لێژنەکانیان ئاگادار بکەنەوە. هاوکات داوای لە بازرگانان کرد بەبێ پاساوی لۆژیکی نرخەکان بەرز نەکەنەوە و لە هاووڵاتییانیش خواست تەنیا بە گوێرەی پێویستی رۆژانە کەلوپەل بکڕن.