دەم پارتی: بارودۆخی نوێی ئیمراڵی ئەرێنییە بەڵام سنووردارە
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای سەرەکیی حزبەکەی لە ئەنقەرە، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سیاسی و پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرد و رایگەیاند، لە پرۆسەی ئاشتیدا کات گرنگییەکی ژیانیی هەیە و نابێت لەدەست بدرێت، هاوکات داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و باشترکردنی بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد.
گوتەبێژی دەم پارتی بە بیرهێنانەوەی ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی 4ـی تشرینی دووەمی 2016، تێیدا هاوسەرۆکانی گشتی و پەرلەمانتارانی هەدەپە دەستگیر کران، ئاماژەی بەوە کرد ئەو رووداوە وەرچەرخانێک و گورزێک بوو لە ئیرادەی گەل و سیاسەتی دیموکراتیک، ئایشە گول دۆغان جەختی کردەوە دۆسیەی کۆبانی دۆسیەیەکی سیاسییە نەک یاسایی، و داوای کرد دەستبەجێ بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (AİHM) جێبەجێ بکرێن و سەرجەم سیاسەتمەدارانی زیندانیکراو، لە سەروویانەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، ئازاد بکرێن.
ئایشەگوڵ دۆغان باسی لەوە کرد، کۆمەڵگە و دامەزراوە سیاسییەکان دوای یاسای چوارچێوە چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری دەکەن و گوتی، "لە پرۆسەی ئاشتیدا کات گرنگییەکی ژیانیی هەیە، وڵاتەکەمان لە ئەزموونەکانی رابردووەوە ئەمەی بە ئازارەوە فێر بووە. دەبێت سەرجەم دەستە و لیژنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەت دەستەی ئاشتی بە شێوەیەکی کارا بخرێنە گەڕ، هەروەها دەبێت کارەکانی پێکهێنانی کۆمسیۆنی چاودێری لە پەرلەمان بێ دواکەوتن تەواو بکرێن و دەسەڵاتی بڕیاردانیان پێ بدرێت."
دەربارەی هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەکە، گوتەبێژی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوە بچێت، دەبێت مەرجە یاسایی و فیزیکییەکانی کارکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێکبخرێن، "بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانێت بەشدارییەکی کارا لە پرۆسەکەدا بکات، پێویستە ژینگەی کارکردن، چاوپێکەوتن و پەیوەندیکردنی بۆ دەستەبەر بکرێت. بارودۆخی نوێی ئیمراڵی ئەرێنییە بەڵام سنووردارە، پێویستە ڕێگە بدرێت رۆژنامەنووسان، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و مافپەروەران سەردانی ئیمراڵی بکەن و دەرفەتی دیداری بەردەوامی هەبێت."
ئایشەگوڵ دۆغان داوای کرد بە زووترین کات کۆتایی بە سیاسەتی سەپاندنی سەرپەرشتیار (قەییوم) بهێندرێت و شارەوانییەکان بۆ هەڵبژێردراوانی خاوەن ماف بگەڕێندرێنەوە.
هەروەها داوای جێبەجێکردنی بێ کەموکوڕیی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووریی تورکیای کرد و گوتی "دەبێت دەستبەجێ زیندانییە نەخۆشەکان ئازاد بکرێن، رێگری لە بڕیارە سەرکوتکارییەکانی سەر زیندانیان بگیرێت و نابێت بە بڕیاری نادادپەروەرانە سێبەر بخرێتە سەر ئەم پرۆسەیە."
گوتەبێژی دەم پارتی، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە بەربەستەکانی بەردەم ئازادیی بیروڕا و رۆژنامەگەری هەڵبگیرێن، هاوکات پرۆسەی چارەسەری بە شێوازێکی شەفاف و روون بەڕێوە بچێت تاوەکو هیچ دڵەڕاوکێ و دەنگۆیەک لەسەر دروستبوونی قەیران یان وەستانی پرۆسەکە نەمێنێت، هەروەها داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بە نەخشەرێگەیەکی تۆکمەوە بەرپرسیاریەتیی هاوبەش لە ئەستۆ بگرن.