پاکستان بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی ناوچەکە هەوڵەکانی چڕدەکاتەوە

 وەزیری دەرەوەی پاکستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانی و عومانییەکەی، تاوتوێی رێگاکانی پاڵپشتیکردنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەی کرد.

پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوە، لە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی جیاوازدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان گفتوگۆی لەبارەی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردووە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەکە و کارکردن لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری.

ئیسحاق دار لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ عێراقچی جەختیکردەوە: "گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان پێویستە". جێگری سەرۆکوەزیرانی پاکستان داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بەردەوام بن لە بەشداریی بونیاتنەر و روونیکردەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایشێکی هەمیشەیی لە ناو ناوچەکەدا گرنگیی خۆیان هەیە.

لە پەیوەندییەکەی دیکەیدا لەگەڵ بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی پاکستان و وەزیری دەرەوەی عومان رێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێیانکرد. هەردوو وەزیر بیروڕایان لەبارەی دوایین گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئاڵوگۆڕ کرد و هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و کاری دیپلۆماسی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.