زەیدی و بەڕاک جەخت لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە دەکەنەوە
بەغدا و واشنتن تاوتوێی رێگری لە فراوانبوونی ململانێکان دەکەن
سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ئاسۆی هاوبەشیی ئابووری و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بەغدا پێشوازیی لە تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عێراق کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کرا و ئاسۆی پەرەپێدانی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێ کرا.
هەروەها هەردوولا جەختیان لە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش کردەوە، بە تایبەت لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە دوولایەنەکان بەدیبهێنێت و پاڵپشت بێت بۆ پرۆسەی ئاوەدانی و گەشەپێدانی بەردەوام.
سەرۆکوەزیران و نێردەی سەرۆکی ئەمریکا، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تیشکیان خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی بوونەتەوە؛ لەم چوارچێوەیەشدا جەخت لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کرایەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان و قەیرانەکان و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ و ململانێکان لە ناوچەکەدا.