ناتانیاهۆ وەڵامی بڕیارەکەی ترەمپ دەداتەوە

 نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کاردانەوەی خۆی بەرامبەر بەو راگەیاندنەی سێشەممەی رابردووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی کە تێیدا کۆتاییهێنان بە هاوکارییە ساڵانەکانی بۆ ئیسرائیلی ئاشکرایکردبوو.

سێشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکادا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کۆتاییهێنان بە هاوکارییە ساڵانەکانی بۆ ئیسرائیلی بە بەهای 3.8 ملیار دۆلار راگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینەگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەو بڕیارەی ترەمپی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، هاوکارییەکانی ئەمریکا ئێستا بەدواوە دەگۆڕێت بۆ هاوبەشی و پێکەوە کارکردن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز گوتی: "ئێمە ساڵانە چوار ملیار دۆلار پێشکەشی ئیسرائیل دەکەین، چەند مانگێک لەمەوبەر گەیشتینە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی ئەو هاوکارییانە".

ترەمپ جەختیکردەوە،، ناتانیاهۆ رەزامەندە لەسەر ئەو بابەتە و گوتیشی: "ئیسرائیل وڵاتێکی زۆر گەشەسەندووە و پێویستیان بەو هاوکارییانە نییە". دواتر ترەمپ گوتی: "ئەگەر ئیسرائیل پێویستی پێ بێت، هاوکارییان دەکەین"، ئەمەش بەگوێرەی ئەوەی ئاژانسی فڕانس پرێس گواستییەوە.

نووسینگەی ناتانیاهۆ لە راگەیەندراوێکدا کە لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای ئێکس بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل هەمیشە پاڵپشتیی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی بەدەستهێناوە. ئیسرائیل ئەو هاوکارییانەی بۆ بەرگریکردن لە خۆی و هەروەها بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوژمنانە بەکارهێناوە کە هەڕەشە لە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دەکەن".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ ئیسرائیل خاوەن ئابوورییەکی بەهێز و جێگیرە. ئەو گۆڕانکارییەی کە ناتانیاهۆ و ترەمپ سەرکردایەتی دەکەن لە هاوکارییەوە بۆ هاوبەشی، رەنگدانەوەی بەهێزیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرەسەندن و توانای گونجاندن و پاراستنی پتەویی ئەو پەیوەندییانەیە بە تێپەڕبوونی کات".

بەپێی رێککەوتنەکە، بەهای هاوکارییە ئەمنییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەگاتە 38 ملیار دۆلار بۆ ماوەی 10 ساڵ، کە 33 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی چەک و 5 ملیار دۆلاریشی بۆ سیستەمی بەرگریی دژەموشەکی تەرخانکراوە.

جێبەجێکردنی رێککەوتنی هاوکارییەکان لە ساڵی 2019 دەستیپێکرد، دوای ئەوەی 3 ساڵ بەر لەو رێککەوتە لەلایەن باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا واژۆکرابوو.

ناتانیاهۆ پێشتر خواستی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە پشتیوانیی دارایی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەربڕیبوو، کاتێک لە مانگی ئایاردا بە کەناڵی سی بی ئێس-ی ئەمریکای راگەیاند، پلانی هەیە ئەو پشتیوانییە بۆ سفر کەمبکاتەوە.

توێژینەوەیەکی ئەکادیمی ساڵی رابردوو بڵاوکرایەوە، دەریدەخات، ئەمریکا لەژێر سایەی ئیدارەکانی جۆ بایدن و ترەمپدا، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەزە لە ساڵی 2023ـەوە، لانیکەم 7.21 ملیار دۆلاری وەک هاوکاریی سەربازی پێشکەشی ئیسرائیل کردووە.