تورکیا: کاراکردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک - بانیاس هەڕەشە نییە بۆ سەر ئابووریمان

وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند: کاراکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی کەرکووک - بانیاس لە نێوان عێراق و سووریادا هیچ مەترسییەک لەسەر ئابووریی تورکیا دروست ناکات، هاوکات تیشکی خستە سەر ئەگەری ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەشی گەڕانی دەریایی بەدوای وزەدا لە کەناراوەکانی سووریا لە ئاییندەدا.

هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ، لە زاری ئاڵپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، بڵاوی کردەوە، سووریا پێویستی بە قەبارەیەکی گەورە لە وەبەرهێنان هەیە و، ئەنقەرە کاراکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و سووریا وەک مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی سەیر ناکات.

بایراکتار ئاماژەی بەوە دا، کە هاوکاریی هاوبەش لە کەرتەکانی وزە و دەرهێنانی کانزاکاندا، رۆڵێکی بەرچاو دەبینێت لە چەسپاندنی ئاشتی، خۆشگوزەرانی و سەقامگیری لە سووریا و سەرانسەری ناوچەکەدا. 

هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە داهاتوودا ئەگەری ئەنجامدانی پرۆسەی گەڕان و پشکنینی دەریایی لە سووریا لە ئارادایە، بە پێی گونجاویی ئابووری و بارودۆخی جیۆلۆجیی ناوچەکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە 17ـی تەمووزی رابردوودا، بە چاودێریی ئەمریکا، عێراق و سووریا یاداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ دووبارە کاراکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی کەرکووک - بانیاس واژۆ کرد، کە رێگە خۆش دەکات بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق لە رێگەی خاکی سووریاوە بەرەو بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست.

ئەم رێککەوتنەی نێوان بەغدا و دیمەشق لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی عێراقدایە بۆ فرەچەشنکردن و هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو، لە پاڵ پتەوکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ سووریا و کردنەوەی رێڕەوی نوێ بۆ ساخکردنەوەی نەوتی خاوی عێراق لە بازاڕە جیهانییەکاندا.