دواین ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا

بەپێی ئەنجامە بەرایی و پێشبینیکراوەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی 2026، پارتی دیموکرات سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر پارتی کۆماریدا بەدەستهێنا و توانی کۆنتڕۆڵی تەواوی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران، لەگەڵ زۆرینەی پۆستی فەرمانڕەوای ویلایەتەکان مسۆگەر بکات.

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دیموکراتەکان بە بردنەوەی 253 کورسی زۆرینەی پێویستیان کە 218 کورسییە تێپەڕاند و 31 کورسییان لە کۆمارییەکان وەرگرتەوە. لە بەرامبەردا، کۆمارییەکان دوای لەدەستدانی 31 کورسی، ژمارەی کورسییەکانیان بۆ 157 کورسی دابەزی، هاوکات پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆی کورسییەکانی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بگاتە 257 کورسی بەرامبەر 178 کورسی بۆ کۆمارییەکان.

هاوکات لە ئەنجوومەنی پیرانیشدا، دیموکراتەکان باڵادەستیی خۆیان سەپاند و بە بەدەستهێنانی 54 کورسی دوای بردنەوەی 7 کورسی لە کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجوومەنەکەیان کۆنتڕۆڵ کردەوە، لە کاتێکدا کۆمارییەکان کورسییەکانیان بۆ 44 کورسی کەمیکرد.

لەسەر ئاستی هەڵبژاردنی حاکمی ویلایەتەکانیش، دیموکراتەکان سەرکەوتنیان لە 28 ویلایەت مسۆگەر کرد دوای ئەوەی 5 ویلایەتیان لە چنگی کۆمارییەکان دەرهێنا، لە بەرامبەردا کۆمارییەکان تەنیا لە 20 ویلایەتدا مانەوە.

لە کاردانەوەی ئەم ئەنجامانەدا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا دانی بە شکستی قورسی پارتی کۆماریدا نا و رایگەیاند، هۆکاری شکستەکەیان کەمیی بەشداریی دەنگدەران نەبووە، بەڵکو خودی جەنگی ئێران، گرانیی بژێوی و ناڕەزایەتی بووە لە شێوازی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، کە وایکرد دەنگدەرانی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2024 لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بە دیموکراتەکان بدەن.

ئەم وەرچەرخانە گەورەیە دوای ئەوە هات کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا بەشدارییەکی پێوانەیی تۆمار کرا و زیاتر لە 54 ملیۆن ئەمریکی دەنگیان دابوو، کە تێیدا دیموکراتەکان بە 46% بەرامبەر 35% لە پێش کۆمارییەکانەوە بوون؛ بەمەش دەنگدەرانی ئەمریکا لە رێگەی دەنگدانێکی سزادەرانەوە وەڵامی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، هەڵئاوسانی نرخی سووتەمەنی و جەنگی هەشت مانگەی دژ بە ئێرانیان دایەوە.