ئەمریکا و ئیسرائیل پلان بۆ هێرشی چڕ و خێرا دژی ئێران دادەڕێژن
رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت بڵاویکردەوە، ئەمریکا پلانی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی چڕ و خێرا دژی ئێران داناوە، بەو ئامانجەی رێککەوتنێکی ئەتۆمی بە مەرجی باشتر بەدەست بهێنێت، ئیسرائیلیش پلانی بۆ هێرشکردنە سەر حزبوڵڵا داڕشتووە.
هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، رۆژنامەکە روونیکردەوە، سوپای ئیسرائیل پلانێکی هێرشبردنی دژی حزبوڵڵا ئامادەکردووە بۆ ئەگەری بەشداریکردنی ئەو حزبە لە شەڕەکەدا. یەدیعۆت ئەحرۆنۆت ئاشکرایکرد، ئامانجی ئیسرائیل تەنیا باشترکردنی مەرجەکانی دانوستان نییە، بەڵکوو رووخاندنی دەسەڵاتی ئێرانە.
سەرچاوەکەی رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت باسی لەوەکردووە، کەرتی سەربازی پێشبینی گۆڕانی دۆخی ئێران دەکات و چاوەڕێی بڕیاری یەکلاییکەرەوەی واشنتن دەکات.
پێنجشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "پێویستە واشنتن بڕیار لەسەر هەنگاوی زیاتر دژی ئێران یان پەسەندکردنی رێککەوتنەکە بدات". ترەمپ جەختیکردەوە، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا چەندان کاری گرینگ دەکات.
ئەم جموجووڵانە لە کاتێکدایە، هەینی ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد سانی، میری قەتەر ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکان بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران. ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی جووڵەیەکی دیپلۆماسی بۆ خۆبەدوورگرتن لە گەڕێکی نوێی ململانێکان دێت.
ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026 شەڕێکیان دژی ئێران دەستپێکرد، تا ئەو کاتەی لە مانگی نیساندا گەیشتنە ئاگربەست. دواتر لە مانگی تەممووزدا، بەهۆی پەککەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، پێکدادانەکانی نێوان واشنتن و تاران جارێکی دیکە سەریانهەڵدایەوە.