فوئاد حوسێن و عێراقچی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان تاوتوێ دەکەن

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی  ئێران، باسیان لە دەرفەت و دەستپێشخەرییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان کرد بۆ جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، لە گفتوگۆکاندا، عەباس عێراقچی، دیدگای ئێرانی سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان خستەڕوو، پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا خرابووە روو. عێراقچی روونی کردەوە، ئەم دیدگایە پێکهاتووە لە دیاریکردنی خشتەی کاتی بۆ دەستپێکردنی رێڕەوی دانوستان، کردنەوەی گەرووی هورمز، گەڕانەوە بۆ ئەو خاڵانەی لە لێکتێگەیشتنەکانی پاکستاندا باسیان کرابوو، جگە لە زیادکردنی چەند خاڵێکی پەیوەندیدار بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.

لای خۆیەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند،  ناوچەکە بە قۆناخێکی گرژیی بەرزدا تێپەڕدەبێت، بەتایبەت لە سایەی بەردەوامیی ئەگەرەکانی سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی سەربازی، و جەختی لە گرنگیی گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی کردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و رەخساندنی بارودۆخی پێویست بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق دەستپێشخەرییەکی خستە روو بۆ پێکهێنانی لژنەیەک کە لە وەزیرانی دەرەوەی ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە پێکهاتبێت، بە مەبەستی سەردانیکردنی تاران و واشنتن، بە ئامانجی گەڕان بە دوای رێگاکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ئاشتییانە کە یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەیی.

لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، فوئاد حوسێن،  سوپاسی هاوتا ئێرانییەکەی کرد و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت دراوسێکان کردەوە، بۆ ئەوەی پشتیوانی لەو هەوڵانە بکرێت کە ئامانج لێیان دوورکەوتنەوەیە لە گرژی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.