ترەمپ ئافرەتێکی دیکەی لە پۆستێکی باڵا لادا
دۆناڵد ترەمپ، ستیڤن میلەری وەک سەرۆکی نوێی دیوانی کۆشکی سپی دەستنیشان کرد و رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەی داهاتووەوە دەستبەکار دەبێت و شوێنی سوزی وایڵز دەگرێتەوە.
هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: "خۆشحاڵم بە راگەیاندنی ئەوەی کەستیڤن میلەر، جێگری ئێستای سەرۆکی دیوانی ئیدارەی ترەمپ و یەکێک لە باوەڕپێکراوترین راوێژکارەکانم، لە رۆژی دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە دەبێتە سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی."
سەبارەت بە پێگەی سوزی وایڵز، سەرۆکی دیوانی پێشوو، ترەمپ ئاشکرای کرد کە ناوبراو کارێکی نایابی کردووە و لەمەودوا دەچێتە سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆن و چالاکییە سیاسییەکانی،
هەروەها گوتیشی: "دەەمەوێت سوپاسی بکەم بۆ ئەو خزمەتەی وەک سەرۆکی دیوان پێشکەشی کرد ئەو کارێکی گەورەی ئەنجامداوە!".
بەپێی بەدواداچوونی داتاکانی پەیمانگەی برۆکینگز (Brookings Institution)، پلاتفۆرمی باڵۆتپیدیا (Ballotpedia) و راپۆرتە میدیاییە فەرمییەکان لەسەر خولی دووەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەرزترین رێژەی دوورخستنەوە و گۆڕانکاریی لە پۆستە باڵاکاندا تۆمار کردووە:
کریستی نۆیم: وەزیری ئاسایشی نیشتمانی بوو؛ لە 31ـی ئاداری 2026 لەلایەن ترەمپەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
پام بۆندی: داواکاری گشتیی ئەمریکا (وەزیری داد) بوو؛ لە 2ـی نیسانی 2026 لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و تۆد بلانش خرایە شوێنی.
مایک واڵتزی: لە 1ـی ئایاری 2025 لە پۆستەکەی دوورخرایەوە؛ ئەمەش دوای ئابڕووچوونی چاتی نهێنیی ئەپڵیکەیشنی (Signal) هات، کاتێک بە هەڵە سەرنووسەری گۆڤاری The Atlantic زیادکرابووە ناو گرووپێکی چاتی ئەمنی کە نەخشەی هێرشەکانی یەمەنی تێدا باس دەکرا. ترەمپ لە پۆستی راوێژکاری ئاسایش لایبرد و ناردییە دەرەوەی کۆشکی سپی بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN).
کارۆلاین لێڤت: لە کۆتایی مانگی ئابی 2026 دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک خزمەت، وەک سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی دەستی لەکارکێشایەوە. هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی دەیەوێت کات بۆ خێزانەکەی تەرخان بکات، بەڵام هاوکات گوازرایەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی گرووپی کاریگەریی سیاسیی ترەمپ و شیکاریکار لە فۆکس نیوز.
کەیتی زاکاریا: وەک سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە شوێنی کارۆلاین لێڤت لە تشرینی یەکەمی 2026 دیاریکرا. تەنیا دوای 5 رۆژ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە (کورتترین ماوە لە مێژووی کۆشکی سپیدا). هۆکارەکەی ئابڕووچوونی بڕوانامەکەی بوو کە خۆی وەک پارێزەر ناساندبوو بەڵام دەرکەوت تاقیکردنەوەی سەندیکای پارێزەرانی دەرنەچووە، لەگەڵ پێشکەشکردنی یەکەمین کۆنگرەی رۆژنامەوانی کە تەنیا 14 خولەکی خایاند و رەخنەی توندی لێکەوتەوە
تامی برووس: لە دەستپێکی 2025 وەک گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دیاریکرا. لە ئابی 2025 لە وەزارەتی دەرەوە لابرا و ئەرکەکەی گۆڕدرا، پاش ئەوەی ترەمپ کاندیدی کرد وەک جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، و لە کۆتایی 2025 بە فەرمی چووە نیویۆرک.
دەنگۆی بەهێز لەسەر ئامادەکاریی مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە هەیە بۆ دەستلەکارکێشانەوە بەهۆی ناکۆکی لەسەر جەنگی ئێران و هەڵبژاردنەکانی 2028.
دەنگۆی دوورخستنەوەی پێت هێگسێت وەزیری جەنگیش هەیە
مارتی ماکاری: سەرۆکی دەستەی خۆراک و دەرمان؛ لە 13ـی ئایاری 2026 بەهۆی ناکۆکی لەسەر بڕیارەکانی ڤەیپ دەستی لەکارکێشایەوە.
هارمیت دیلۆن: یاریدەدەری وەزیری داد بۆ بەشی مافە مەدەنییەکان؛ لە 5ـی تشرینی دووەمی 2026 دەستی لەکارکێشایەوە.
گەیل سلاتەر: یاریدەدەری وەزیری داد بۆ دۆسیەکانی دژە قۆرخکاری؛ لە شوباتی 2026 دەستی لەکارکێشایەوە.
دەیڤید لیبریک: بەرپرسی باڵای وەزارەتی گەنجینە؛ بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ ئیلۆن مەسک و تیمی کارایی حکوومەت (DOGE) لە سەرەتای 2025 خانەنشین کرا / دوورخرایەوە.
چەندین راوێژکاری باڵا لە وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی وەک کۆری لیواندۆڤسکی و تریشیا ماکڵۆفلین دەرکران یان دەستیان لەکارکێشایەوە.
ئەلێکس وۆنگ: جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی (جێگری مایک واڵتز)، لەگەڵ واڵتز پێکەوە لە کۆشکی سپی دوورخرانەوە.
سێباستیان گۆرکا: لە پۆستە باڵاکانی دژەتیرۆر و ئاسایشی نیشتمانیدا کێشە و ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات.
کۆری لیواندۆڤسکی: راوێژکاری باڵا بوو لە وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی، بەڵام بەهۆی کێشە لەگەڵ سەرکردایەتیی وەزارەتەکەدا دوورخرایەوە.
بەگوێرەی پەیمانگەی برۆکینگز، رێژەی ئاڵوگۆڕ لە تیمی سەرەکی لە ئۆفیسی جێبەجێکاری سەرۆکایەتیدا تا کۆتایی ساڵی 2026 گەیشتووەتە 56%. زیاتر لە 27 بەرپرسی باڵا کە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسەند کرابوون لە وەزارەتەکان پۆستەکانیان جێهێشتووە.
زیاتر لە 930 بۆ 1,000 بەرپرسی فیدراڵی و سیاسی لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا لە ئیدارەکە دوورخراونەتەوە یان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، کە بە یەکێک لە بەرزترین رێژەکانی گۆڕانکاریی کارمەندانی باڵا لە مێژووی نوێی ئەمریکادا دادەنرێت.