نووری مالیکی: دابەشکردنی عێراق دەبێتە هۆی شەڕێکی خوێناوی
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا هۆشداری دا لەوەی کە عێراق لە ناوەندی زریانی قەیرانەکانی ناوچەکەدایە و رووبەڕووی پیلانی بەئامانجگرتن و جەنگ بووەتەوە، هاوکات جەختی کردەوە کە هەر هەوڵێک بۆ دابەشکردنی عێراق دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕی خوێناوی لە نێوان پێکهاتەکاندا.
هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە گوتارێکدا سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، رایگەیاند: عێراق لە ناوەڕاستی قەیرانەکانی ناوچەکەدا دەژی و کەوتووەتە ناوەندی زریانەکەوە، لە خودا دەخوازین وڵات و گەل لە گرژییەکان بەدوور بن. ئەم ناوچەیەی ئێمە تێیدا دەژین لە کوڵاندایە و کەس نازانێت سبەی چی روودەدات و چی دەبێت؛ عێراقیش رووبەڕووی هەڕەشەی جەنگ، پیلانگێڕی و بەئامانجگرتن بووەتەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا هۆشداری دا لەو دەنگۆ و پێشنیازانەی باس لە دابەشکردنی وڵات دەکەن و گوتی: "ئەمڕۆ کاتێک باسی ئەم بابەتە دەکرێت، باسی گرنگیی شکستپێهێنانی ئێران و لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی عێراق دەکرێت، ناویان ناوە 'بەڵقەنەکردنی عێراق' هاوشێوەی یوگسلاڤیای پێشوو کە دابەشکرا. بیرۆکەی بەڵقەنەکردنی عێراق لەلایەن کەسی دووەمی ئەمریکاوە خراوەتەڕوو."
مالیکی جەختی لەوە کردەوە کە دابەشکردنی عێراق پرۆسەیەکی ئاسان نییە و دەبێتە هۆی پێکدادانی ناوخۆیی، لەوبارەیەوە گوتی: ئەگەر بیانەوێت عێراق دابەش بکەن، ئەوە بە مانای نانەوەی فیتنە و شەڕی نێوان سوننە و شیعە، کورد و عەرەب، و تورکمان و کریستیانەکان دێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی، نووری مالیکی بەرگری لە مانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرد و رایگەیاند: گوێ لەو دەنگانە مەگرن کە باس لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن، چونکە هەست بە گرنگییەکەی ناکەن. بوونی ئەو ئەنجوومەنانە پابەندییەکی دەستوورییە و ئێمە رێگە بە هەڵوەشاندنەوەیان نادەین.