سروە رەسووڵ: لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو لە ئامادەباشیدان
هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکانی کەشناسی لەبارەی هاتنی شەپۆلێکی نوێی بارانی بەلێزمە و هەورەتریشقە بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆ، گرتنەبەری پلان و رێکاری پێشوەختەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی لافاو و رووداوە نەخوازراوەکان ئاشکرا کرد.
هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی 2026، سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئامادەکاری و پلانە پێشوەختەکان بۆ وەرزی زستان و بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلەکانی بارانبارین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: کۆبوونەوەی فراوانی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان ئەنجام دراوە، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی پێشوازیکردن لە وەرزی زستان و رووبەڕووبوونەوەی ئەم شەپۆلە نوێیەی بارانبارین لە رێگەی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و خۆپارێزیی پێشوەختە لە ئەگەری دروستبوونی لافاو.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەهۆی کاریگەریی نزمەپەستانی دەریای سپیی ناوەڕاست و دروستبوونی ناسەقامگیری لە کەشوهەوای ناوچەکەدا، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو تا پێش نیوەشەو، نمەبارانی ناوبەناو و هەورەتریشقە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی، ئیدارەی سۆران، سەنتەری شاری هەولێر و ناوچە شاخاوییەکانی، لەگەڵ ئیدارەی راپەڕین، پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان بەردەوامیی هەبێت.
بە پێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە دوای نیوەشەوەوە بڕی بارانبارین لە سەر ناوەڕاست و باکووری هەرێمی کوردستان لاواز دەبێت، بەڵام بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم لە سنووری (سلێمانی، هەڵەبجە و چەمچەماڵ) دەگۆڕێت بۆ بارانی بەلێزمە و هەورەبرووسکە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە کاتەکانی بەیانیی زوودا، شەپۆلی بارانی بە لێزمە و هەورەتریشقە درێژ دەبێتەوە بۆ زۆربەی ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان، سنووری پارێزگای کەرکووک، ناحیەی شوان، ئاغجەلەر، کۆیە، لەگەڵ باشوور و دەشتی هەولێر.
