بەغدا.. مانگی رابردوو دەست بەسەر 373 ماددەی تەقینەوەی بەهێزدا گیراوە
دەستەی پەیوەندییە گشتییەکان لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆسەی سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت لە مانگی تشرینی یەکەمی 2026ـدا، چەکی زیاتر لە 38 هەزار هاووڵاتی بە فەرمی تۆمار کراوە، هەروەها دەست بەسەر زیاتر لە چوار هەزار پارچە چەکی سووک و هەزاران مووشەک و تەقەمەنیدا گیراوە.
هەینی، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی پەیوەندییە گشتییەکان لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: لیژنەی نیشتمانیی هەمیشەیی بۆ رێکخستن و کۆنترۆڵکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ، بەردەوامە لە هەوڵ و رێکارە مەیدانییەکانی بۆ رێکخستنی هەڵگرتنی چەک لە چوارچێوەی یاسادا و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
بە پێی راگەیەنەراوەکە، دەرئەنجامی رێکارە ئەمنییەکان لە مانگی رابردوودا بەم شێوەیە بووە:
-تۆمارکردنی فەرمیی چەکی 38 هەزار و 549 هاووڵاتی.
-دەستبەسەرداگرتنی 4 هەزار و 46 پارچە چەکی سووکی جۆراوجۆر.
-دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 15 هەزار فیشەک و کەرەستەی تەقەمەنی.
-دەستبەسەرداگرتنی هەزار و 198 مووشەک و بۆمب.
-دۆزینەوە و دەستبەسەرداگرتنی 373 ماددەی تەقینەوەی بەهێز.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، رێکارەکان تۆمارکردن و دیاریکردنی چەکی دوو هەزار و 374 سەردانکەری بۆ فەرمانگەکانی دەوڵەت لەخۆگرتووە کە زۆربەیان دەمانچە بوون، لە پاڵ کشانەوەی 237 چەک لە وەزارەتە مەدەنییەکان کە زۆربەیان تفەنگ بوون، هەروەها دەست بەسەر سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا گیراوە.