ئیکۆ عێراق: مامەڵەی پارەدانی ئەلیکترۆنی 25 تریلیۆن دیناری تێپەڕاند

روانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، قەبارەی مامەڵەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی تەممووز، 25 تریلیۆن دیناری تێپەڕاند.

ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، ئاماژە داراییەکانی ساڵی 2025، 32 تریلیۆن و 800 ملیار دیناریان لە رێگەی 14 ملیۆن و 600 هەزار جووڵەی داراییەوە تۆمار کرد، گوتیشی "20 تریلیۆن دیناری ئەو بڕە پارەیە، کۆکردنەوەی باج و پسووڵەکانە".

ئیکۆ عێراق روونیکردەوە، قەبارەی مامەڵەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی گەیشتووەتە 25 تریلیۆن و 400 ملیار دینار، کە لە رێگەی زیاتر لە 10 ملیۆن و 800 هەزار جووڵەی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە بووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئێستا 37 ملیۆن و 600 هەزار کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی و 197 هەزار خاڵی فرۆشتن (POS) لە عێراق هەن، لەگەڵ 3,015 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) و 15 هەزار خاڵی راکێشانی نەختینە (POC).

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سێکتەری پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق 18 کۆمپانیای پارەدانی ئەلیکترۆنی لەخۆ دەگرێت، کە 5یان خزمەتگوزاریی هاوسەنگیی ئەلیکترۆنین.

ئیکۆ عێراق پێی وایە، گەشەی پارەدانی ئەلیکترۆنی هەنگاوێکی ئەرێنییە بەرەو ئابووریی دیجیتاڵی، کەمکردنەوەی مامەڵەی کاش، هەروەها بەهێزکردنی شەفافییەت و گشتگیریی دارایی لە عێراق.