"شانۆی ئیمپرۆ، ستاتوس و زمان" کتێبێکی نوێ بۆ پەرەپێدانی ئەزموونی شانۆی کوردی
کتێبی "شانۆی ئیمپرۆ، ستاتوس و زمان"، نوێترین بەرهەمی دوو شانۆکاری کورد، دیار عومەر و بورهان قەرەداخییە، لە چوارچێوەی دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی کەرکووکدا بڵاو دەکرێتەوە؛ کتێبێک بە ئامانجی ناساندن و پەرەپێدانی هونەری بێ پلانی پێشوەخت و بەهێزکردنی تواناکانی ئەکتەری کورد ئامادە کراوە.
شەممە، 7ی تشرینی دووەمی 2026، دیار عومەر، نووسەر و شانۆکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم کتێبە بەرهەمی دوو ساڵ ماندووبوون و کارکردنی هاوبەشی من و بورهان قەرەداخییە و لە چوارچێوەی بابەتەکانی شانۆی بێ پلانی پێشوەخت، ستاتوس و زماندا، زانیاری و راهێنانی تیۆری و پراکتیکی پێشکەش بە خوێنەر دەکات."
دیار عومەر سەبارەت بە گرنگیی بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە گوتی، "داهێنان و ئەدای خۆبەخۆ و بێ پلانی پێشوەختە، یەکێکە لە شێوازەکانی نواندن کە ئەکتەر بە پشتبەستن بە خەیاڵ، خۆبەخشین و توانای کارلێکردن لەگەڵ هاوکارەکانی، دیمەن و دۆخە شانۆییەکان بە شێوەیەکی خۆبەخۆ دروست دەکات. ئەم شێوازە جگە لە کاریگەریی لەسەر پەرەپێدانی توانای ئەکتەر، یارمەتی گەشەکردنی بیرکردنەوەی داهێنەرانە و دەربڕینی ئازادیش دەدات."
سەبارەت بە باسکردنی چەمکی ستاتوس لە کتێبەکەدا، دیار عومەر دەڵێت، "کتێبەکە لە رێگەی باسکردنی چەمکی ستاتوس وەک دۆخ و پێگەی کارەکتەرەکان، راهێنانەکانی وەک رۆیشتن و سڵاوکردن و هەروەها بەکارهێنانی زمان و ئاستە جیاوازەکانی دەربڕین، هەوڵ دەدات خوێنەر بە شێوەیەکی پراکتیکی لەگەڵ بنەماکانی ئەم هونەرە ئاشنا بکات."
ئەو شانۆکارە باسی لەوەش کرد، "لە گرنگییەکانی ئەم بەرهەمە بۆ شانۆی کوردی، ئەوەیە دەرفەتێک بۆ ئەکتەرانی کورد دەڕەخسێنێت تا بە زمانی دایک، واتە کوردی، لە رێگەی بێ پلانی پێشوەختە توانای نواندن و داهێنانی خۆیان پەرە پێبدەن. هەروەها دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی سوودبەخش بۆ کەسانی بواری پەروەردە، رێکخراوەکان و ئەوانەی لە بوارەکانی کاری هاوبەش و گەشەپێدانی کەسایەتیدا چالاکن."
دیار عومەر باس لە ئامانجی بڵاوکردنەوەی کتێبەکە دەکات و دەڵێت، "ئێمە ئامانجمان تەنیا پێشکەشکردنی زانیارییەکی تیۆری نییە، بەڵکو دەرخستنی رێگایەکی کردارییە بۆ ئەوەی ئەکتەری کورد زیاتر لەگەڵ هونەری بێ پلانی پێشوەختە ئاشنا بێت و ئەم شێوازە لە کارە شانۆییەکاندا بەکاربهێنێت."
بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە لە چوارچێوەی دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی کەرکووک، لە رۆژانی 12 تا 14ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەدەچێت، هەنگاوێکە بۆ زیاتر بەستنەوەی بەرهەمی نووسین و توێژینەوە بە بزاڤی شانۆی کوردی.
دیار عومەر، راهێنەر و ئەکتەر و نووسەر، لەساڵی 1977 لەشاری هەولێر لەدایک بووە، 25 ساڵە لەوڵاتی سوید نیشتەجێیە، لە چەندین وڵاتی جیادا وۆرکشۆپ و خولی تایبەت بە ئیمپرۆی ئەنجامداوە و چەندین گرووپی شانۆیی ئیمپرۆی لە وڵاتان دامەزراندووە، خاوەنی چوار پەرتووکی شانۆییە کە سێ دانەیان تایبەتە بە شانۆی ئیمپرۆ بە هاوبەشی لەگەڵ بورهان قەرەداخی.
بورهان قەرەداخی، نووسەر و دەرهێنەری شانۆیی، دبلۆمی لە شانۆدا هەیە، خاوەنی بروانامەی پێداگۆگی شانۆیە. سەرەتای کاری هونەری لەبواری نواندن و دەرهێنانی شانۆییدا دەگەڕێتەوە بۆ پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی. ناوبراو نزیکەی 16 کتێبی بە چاپ گەیاندووە.