وەزیری نەوتی عێراق: لە هەوڵی زیادکردنی هەناردەی نەوتین
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هەوڵ دەدەین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بکەینەوە و لەگەڵ رێکخراوی ئۆپێکیش لە دانوستاندانانین بۆ زیادکردنی هەناردەکردنی نەوت.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوت "جیاوازییەک لەنێوان توانای بەرهەمهێنان و توانای هەناردەکردنی نەوت لە عێراقدا هەیە و وڵاتەکە پابەندە بەو بڕە هەناردەیەی کە رێکخراوی ئۆپێک دیاری دەکات".
باسم محەممەد روونیکردەوە، دانوستان لەگەڵ ئۆپێک هەیە بۆ بەرزکردنەوەی بڕی هەناردەکردن، ئەوەش بەهۆی ئەو تایبەتمەندییەی عێراق هەیەتی و سروشتی ئەو بارودۆخانەی لە ماوەی پێنج دەیەی رابردوودا پێیدا تێپەڕیوە.
وەزیرەکە گوتیشی "عێراق شایستەی ئەوەیە رێژەی بەرهەمهێنانی بۆ بەرز بکرێتەوە، بەمەبەستی دابینکردنی داهاتی دارایی پێویست بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و جێبەجێکردنی پلانی حکوومەت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە "عێراق پابەندە بەو بڕەی بەرهەمهێنان کە رێکخراوی ئۆپێک بۆ وڵاتانی ئەندام دیاری کردووە، کە بۆ عێراق بە 4.431 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دیاری کراوە".
19ـی تشرینی یەکەمی 2026، باسم محەممەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئاستی هەناردەی رۆژانەی نەوت بۆ زیاتر لە 3.4 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە و نەوتی عێراق لە رێگەی سێ دەروازەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت، ئەمەش بەراورد بە مانگی پێشتر بە بڕی زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادی کردووە.
وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی "سەرەڕای ئەو بارودۆخەی کاریگەریی لەسەر گەرووی هورمز هەبوو، وەزارەتی نەوت لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا لە رێگەی هەوڵە بەردەوامەکانی کۆمپانیای سۆمۆ تێکڕای هەناردەی سێ ملیۆن بەرمیلی لە رۆژێکدا پاراستووە."
بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا زیاتر لە 533 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە و کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراو لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە 37.38 ملیار دۆلار.