رووداوی تەقەکردن لە پۆڵەندا؛ 17 کەس بوونە قوربانی

پۆلیسی پۆڵەندا رایگەیاند، بەهۆی دەستڕێژی گوللەی چەکدارێکەوە لە ناوەندی مێژوویی شاری کڕاکۆڤ، پێنج کەس کوژران و نزیکەی 12 کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات هێرشبەرەکەش دوای بریندارکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.

شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوی پۆلیسی پۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، پیاوێک بە ئۆتۆمبێلەکەی چووەتە نێو گۆڕەپانی سەرەکیی شاری کڕاکۆڤ کە دووەم گەورەترین شاری پۆڵەندایە و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستڕێژی گوللەی لە خەڵک کردووە.

پۆلیسی پۆلەندا ئاماژەی داوە، تۆمەتبارەکە بە تەقەی پۆلیس پێکراوە و پاش برینداربوونی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و لەژێر دەستبەسەریدایە.

پۆلیسی کڕاکۆڤ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە: لە ئەنجامی رووداوەکەدا، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی دوانزە کەسی دیکەش بریندار بوون. شایەتحاڵێکی رووداوەکە بەناوی ئانێت، کە ژنێکی تەمەن 60 ساڵە، گوتی: "پیاوێکم بینی کە بە نێو گۆڕەپانەکەدا دەگەڕا و تەقەی لە خەڵک دەکرد، ئەمە کارەساتە بۆ شارەکەمان و پێشتر هەرگیز رووداوی لەم شێوەیەمان نەبینیوە."

لە کاردانەوەی رووداوەکەدا، دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا هێرشەکەی بە کارەسات وەسف کرد و رایگەیاند: "پۆلیس بە وردی لێکۆڵینەوە لە پاشخان و سەرجەم بارودۆخەکانی هێرشەکە دەکات."

هاوکات کارۆل ناڤرۆتسکی، سەرۆکی پۆڵەندا لە پەیامێکدا لە تۆڕی (ئێکس) ئاشکرای کرد کە لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار و چاوەڕوانی روونکردنەوەی تەواوە لەسەر سەرجەم هۆکارەکانی ئەم رووداوە ناخۆشانە، جەختیشی کردەوە پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانی پۆڵەندا لە پێشینەی کارەکانمانە.

رووداوەکانی تەقەکردن لە پۆڵەندا، کە وڵاتێکی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی ناتۆیە و 38 ملیۆن کەسی تێدا دەژی، زۆر دەگمەنن. بەڵام ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە لە ئامادەباشیی ئەمنیدا بوو بەهۆی چەند هێرشێکی چەقۆکێشان لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا. شاری کڕاکۆڤ کە پایتەختی مێژووی پۆڵەندایە، بە یەکێک لە دیارترین ناوەندە گەشتیارییەکانی ئەوروپا دادەنرێت و تەنیا لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 16.2 ملیۆن گەشتیار سەردانیان کردبوو.