وەزارەتی خوێندنی باڵا دەسەڵاتی راگرتنی دەوامی بەخشییە زانکۆ و پەیمانگەکان
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی نالەباریی رەوشی کەشوهەواوە دەسەڵات دراوەتە زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت تاوەکو لە کاتی پێویستدا بڕیار لەسەر راگرتنی دەوام بدەن.
شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە داوە: "بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی دامەزراوەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان و بەهۆی نالەباریی کەشوهەوای ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی خوێندکاران و قوتابییان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت، دەسەڵات دەدرێت بە زانکۆکان و دامەزراوەکانی دیکەی سەر بە وەزارەت بۆ ئەوەی بە رەچاوکردنی بارودۆخی کەشوهەوای ناوچەکانیان، لە کاتی پێویستدا دەوام رابگرن."
ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا هاوکاتە لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین و تێکچوونی کەشوهەوا لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیەوە دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر پشوو دراوەتە ئیدارەی زانکۆکان بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی مامۆستایان و قوتابیان.
کەمێک پێش ئێستا گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر، لە پەیامێکی هۆشداریی بە پەلەدا، داوا لە هاووڵاتییانی هەولێر دەکات بەهۆی تێکچوونی دۆخی کەشوهەوا و بارینی بارانی بە خوڕ و دروستبوونی لافاو، لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە.
هەروەها ئومێد خۆشناو، لە پەیامێکی دیکەیدا رایگەیاندووە، داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین، ئەگەر بۆ کاری گرنگ نەبێ ئەمشەو هاتوچۆی شەقامەکان کەم بکەنەوە، تا تیمەکان بتوانن بۆ کاری پێویست و سەلامەتی هەموولایەک بگەنە شوێنەکان؛ باسی لەوەش کرد، سەرجەم تیمەکانی شارەوانی، پۆلیس، ئاسایش و بەرگری شارستانی و تەندروستی لە ئامادەکاری و خزمەتی هاووڵاتییانن.