سەرۆکی حکوومەت بەدواداچوون بۆ کەشی نائاسایی شاری هەولێر و دەوروبەری دەکات
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەدواداچوونی بۆ کەشی نائاسایی و لافاوەکەی ئەمشەوی شارەکە کرد؛ ناوبراو پارێزگاری هەولێری راسپارد سەرجەم رێکارەکان بگرنەبەر بۆ فریاکەوتنی خەڵک و پاراستنی سەلامەتیی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بۆ بەدواداچوونی کەشی نائاسایی ئەمشەوی شاری هەولێر و دەوروبەری بە هۆی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە هەندێک گەڕەک ، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دۆخی شاری هەولێر و دوروبەری پرسی و سوپاسی تیمە جۆراوجۆرەکانی کرد بۆ بەهاناوەجوونی هاووڵاتییان و زیانلێکەوتووان.
سەرۆکی حکوومەت، پارێزگاری هەولێریشی راسپارد، هەموو رێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ فریاکەوتنی خەڵک و پاراستنی سەلامەتیی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی چڕی بارانبارین بۆ ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیەوە ئامادەکاری و هەماهەنگیی تەواو لە نێوان دەزگا خزمەتگوزارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو لە ئارادایە؛ هەروەها لە بەشیک لە گەڕەک و ناوچەکانی هەولێر ئاو کۆبووتەوە و چووەتە نێو ماڵی هاووڵاتییان.