پێنج تیمی بەرگریی شارستانیی سۆران بۆ هاوکاریکردنی هەولێر بەڕێکەوتن
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، پێنج تیمی فریاگوزارییان رەوانەی شاری هەولێر کردووە بە مەبەستی هاوکاریکردنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان لە کاتی دروستبوونی لافاوەکەدا.
رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە کوردستان24ی گوت: "بە سەرپەرشتی و بەشداریی عەقیدی پۆلیس کاروان میراودەلی، پێنج تیمی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران لە کاتژمێر 10:30ی ئەمشەو بەڕێکەوتوون بۆ یارمەتیدانی هاوکاران و هاوپیشەکانمان لە شاری هەولێر."
ناردنی ئەم تیمانەی سۆران لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکاندایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رەوشی لافاوەکەی ئەمشەوی شاری هەولێر، تاوەکو بە شێوەیەکی خێراتر بە هانای لێقەوماوانەوە بچن و هاوکاریی دەرهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە بکەن کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەوە گیریان خواردووە.