هەولێر و بەغدا چوار پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەن

لۆگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق
لۆگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق

شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان چوار پرسی گرنگ لەگەڵ حکوومەتی عێراق تاوتوێ دەکات. 

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2026، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

1. د. ئومێد سەباح: سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان (سەرۆکی شاند).

2. کەمال محەممەد: وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

3. د. عەبدولحەکیم خەسرەو: سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

4. د. شاخەوان عەبدوڵڵا: سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان. 

5. فارس عیسا: سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.

 

شاندی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق:

1. محەممەد تەمیم: جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق (سەرۆکی شاند).

2. فالح ساری: وەزیری دارایی عێراق.

3. عەمار سوبحی مەشهەدانی: سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی. 

4. باسم محەممەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق.

 

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا،  ئاماژەی بەوە دا، کۆبوونەوەکە لە ئەنجوومەنی باڵای ئابووری بەڕێوەدەچێت و تێیدا گفتوگۆ لەسەر چوار پرسی سەرەکی دەکرێت، ئەوانیش بریتین لە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی 2027، جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، دۆسیەی نەوت و پرسی داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکان.

بەپێی بنەما یاساییەکان دەبێت بودجە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی عێراق دابەش بکرێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە بودجەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئامارەکانی سەرژمێری بێت، واتە رێژەی 14.14%ـی بودجەی گشتی بۆ تەرخان بکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان نەکراوە. حکوومەتی عێراق پشکی کوردستانی بە 12.67% دیاری کردووە و مەرجی هەناردەکردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە. لە بەرانبەردا، هەرێمی کوردستان داوای کردووە پشکەکەی 14% بێت لە بودجەی گشتیی عێراق و شاندەکەی جەختی کردووەتەوە، ناتوانن رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکان، حکوومەتی عێراق لە بودجەی ساڵی 2027، بڕی 13 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ئەم بڕە پارەیەش بەشی مووچە و خەرجییەکانی ناکات.

لە لایەکی دیکەوە کوردستان24 زانیویەتی، داهاتی عێراق بۆ ساڵی 2027 بە 174 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە و خەرجییەکانیش دەگەنە 217 تریلیۆن دینار. بەمەش 43 تریلیۆن دینار کورتهێنان لە بودجەدا دروست دەبێت و بڕیارە حکوومەت لە رێگەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکییەوە پڕی بکاتەوە.

دواجار ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیاساکە پەسەند بکات، رەوانەی پەرلەمانی عێراقی دەکات تاوەکو دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا.