کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و بەغدا دوای چوار کاتژمێر کۆتایی هات
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی چڕوپڕی چوار کاتژمێرییان ئەنجامدا، کە تێیدا دۆسیەی مووچە، پشکی هەرێم لە رەشنووسی بودجەی 2027 و هەناردەکردنەوەی نەوت گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026 لە نیوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ تا 04:00ی پاشنیوەڕۆ بەردەوام بوو، تێیدا شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئومێد سەباح و شاندی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیمی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی چەسپاندنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 گفتوگۆیان کرد، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی تایبەت لەسەر پەسەندکردنی ڕەشنووسی بودجە ئەنجام بدات.
لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت پشکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە تەواوی لە خەرجیی راستەقینە جیا بکرێتەوە و وەک ساڵانی پێشوو تێکەڵی خەرجییەکان نەکرێت، بۆ ئەوەی هیچ بەربەستێک لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران دروست نەبێت، کە بۆ ساڵی 2027 بڕی 11 ترلیۆن و 200 ملیار دینار بۆ کۆی گشتیی مووچەی هەرێم دیاریکراوە.
هاوکات شاندی هەرێمی کوردستان داوای کردووە پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق لە 12.67% بەرزبکرێتەوە بۆ 14.14%. سەبارەت بە دۆسیەی نەوتیش، تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە 425 هەزار بەرمیل دیاریکراوە و رێککەوتن لەسەر جێگیرکردنی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان تاوتوێ کرا، چونکە وەزارەتی دارایی فیدراڵ پێشتر ئەم بڕگانەی لە رەشنووسەکەدا جێگیر نەکردبوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی داهاتە نانەوتییەکان، داهاتی دەروازە سنوورییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە گومرگەکان بە چڕی باسیان لێوەکرا. بڕیاریشە لە ماوەی ئەم دوو رۆژەی پێش کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، گفتوگۆکانی شاندی هەرێم لە بەغدا بەردەوام بن تاوەکو داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 بە فەرمی جێگیر بکرێن.
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
1. د. ئومێد سەباح: سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان (سەرۆکی شاند).
2. کەمال محەممەد: وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
3. د. عەبدولحەکیم خەسرەو: سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
4. د. شاخەوان عەبدوڵڵا: سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
5. فارس عیسا: سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.
شاندی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق:
1. محەممەد تەمیم: جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق (سەرۆکی شاند).
2. فالح ساری: وەزیری دارایی عێراق.
3. عەمار سوبحی مەشهەدانی: سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی.
4. باسم محەممەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق.
هەر بەپێی زانیارییەکان، حکوومەتی عێراق لە بودجەی ساڵی 2027، بڕی 13 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ئەم بڕە پارەیەش بەشی مووچە و خەرجییەکانی ناکات.
لە لایەکی دیکەوە کوردستان24 زانیویەتی، داهاتی عێراق بۆ ساڵی 2027 بە 174 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە و خەرجییەکانیش دەگەنە 217 تریلیۆن دینار. بەمەش 43 تریلیۆن دینار کورتهێنان لە بودجەدا دروست دەبێت و بڕیارە حکوومەت لە رێگەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکییەوە پڕی بکاتەوە.