دیوانی وەقفی سوننەی عێراق: خەمی هەولێر خەمی هەموو عێراقییەکانە

سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی لافاوەکەی شاری هەولێر کرد و هاوسۆزیی تەواوی خۆی لەگەڵ حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان راگەیاند، هاوکات دووپاتیکردەوە کە خەمی هەولێر خەمی هەموو عێراقییەکانە.

یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، عامر شاکر جەنابی، سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننە لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی لافاوەکەی شاری هەولێر ئاماژەی دا، "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە بەدواداچوونمان بۆ لێکەوتەکانی لافاوەکەی شاری هەولێری ئازیز کرد، کە بووە هۆی زیانی گیانی و ماددی بۆ بەشێک لە هاووڵاتییان و موڵک و ماڵیان."

سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننە سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ برینداران و سەلامەتیی بۆ سەرجەم خەڵکی هەرێمی کوردستان خواست و گوتی: "هاوسۆزیی تەواوی خۆمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکە بەڕێزەکەی لەم بارودۆخە سەختەدا دەردەبڕین، هەروەها پێزانینی زۆرمان هەیە بۆ هەوڵەکانی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، فریاگوزاری و خۆبەخشان کە ماندووبوونێکی گەورەیان نواند لە پێناو رزگارکردنی هاووڵاتییان و یارمەتیدانی لێقەوماوان."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، جەختی لەسەر برایەتیی نێوان پێکهاتەکان کردەوە و رایگەیاند: "ئەوەی تووشی خەڵکەکەمان لە هەولێر بوو، خەم و ناڕەحەتیی هەموو عێراقییەکانە؛ عێراق هەموومان کۆدەکاتەوە و بەستەری برایەتی و پێکەوەژیان لە هەموو بارودۆخێک بەهێزترە."

دوێنێ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی چڕ و پێشبینینەکراوی بارانبارین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە چەقی قورساییەکەی لەسەر سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بوو، لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی شارەکە لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو دروست بوو.

بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە سنووری شارۆچکەی کەسنەزان و گەڕەکی هەولێری نوێ، بووە هۆی زیانگەیاندن بە دەیان ماڵ و ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان، لە پاڵ دروستبوونی ئاستەنگییەکی قورسی هاتوچۆ لە زۆربەی جومگەکانی شارەکەدا.