لە هەولێر خشتەیەکی نوێی کارکردن بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان دیاریکرا

ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لەسەر رەوشی کارەبای نیشتمانی، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە.

لە راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر هاتووە، ئامانج لەم کۆبوونەوەیە، رێکخستنەوەی دۆخی کارەبا و کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییان بووە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا سەرجەم خاوەن مۆلیدەکانی سنووری هەولێر بە خشتەیەکی نوێی کارکردن پابەند بکرێن، تا ئەو کاتەی دۆخی کارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە.

بەپێی خشتە نوێیەکە، کاتەکانی کارکردنی مۆلیدەکان بەمشێوەیە دیاریکراون:

- بەیانیان: لە کاتژمێر 7:00 تا 9:00ـی بەیانی.
- ئێواران و شەو: لە کاتژمێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆ تا 1:00ـی شەو.

لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانی لەو دوو ماوە دیاریکراوەدا، مۆلیدەکان دەبێت کار بکەن. هەر کاتژمێرێک کارکردن لە دەرەوەی ئەم خشتەیەی بۆیان دیاریکراوە، بۆ خاوەن مۆلیدەکان ئەژمار ناکرێت.